"روونکردنەوەکە هى ئێمە نییە"

لەسەر رووخاندنى کارگەکانى بلۆک شارەوانى کەلار روونکردنەوەی هەیە

964+

وریا فەتاح

شارەوانیى کەلار، روونکردنەوەیەکی لەسەر رووخاندنی کارگەکانی بلۆک لەسەر رووباری سیروان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکى شارەوانى و وەبەرهێنانى گەرمیان دەڵێن، ئەو روونکردنەوەیە پەیوەندى بەوانەوە نییە.

بەپێى روونکردنەوەکە، بەشێک لەو کارگانە چەندین ساڵە مۆڵەتیان نوێ نەکردووەتەوە و ساڵانەیان نەداوە و بەشێکی زۆریان چەندین ساڵە کاریان لە کارگەکان راگرتووە و کار ناکەن.

کارگەکان ژمارەیان 11 دانەیە، وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، شەش کارگەیان قەرەبوویان وەرگرتووە و زەوەییەکانیان رادەستکردووە و ئەو پێنج کارگەیەش، کە ماون، پێشتر رێککەوتنیان کردووە بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبوو، بەڵام پەشیمانبوونەتەوە و پابەندی رێککەوتنەکە نەبوون.

لە بڕگەیەکى دیکەى روونکردنەوەکەدا هاتووە، بەهۆى ئەوەى بەشێک لەو کارگانە ماوەی چەندین ساڵە نوێکردنەوەی مۆڵەتیان نەکردوە و ساڵانەیان نەداوە و ماوەی چەند ساڵێکە کارکردنیان لەکارگەکانیان راگرتووە و کار ناکەن بەپێی یاسا بەهەڵوەشاوە ئەژمار دەکرێت.

جەختیش لەوەکراوەتەوە، پێش رووخاندنیان کارگەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لەماوەیەکی دیاریکراودا مادەکانیان و کەلوپەلەکانیان بفرۆشن و زەوییەکان چۆڵ بکەن، بەڵام پابەند نەبوونە.

روونکردنەوەکە لەلایەن شارەوانى کەلارەوە بڵاوکراوەتەوە و روونکردنەوەى شارەوانییە، 964 لەسەر ئەو بابەتە قسەى لەگەڵ ئەکرەم ساڵح، سەرۆکى شارەوانى کەلار کرد، بەڵام ئەو وتى،”ئەو روونکردنەوەیە هى ئێمە نیە، تەنیا لە پەیجەکە بڵاومان کردووەتەوە و روونکردنەوەى بەڕێوەبەرایەتى وەبەرهێنانى گەرمیانە”.

لەسەر هەمان بابەت، 964، پەیوەندى بە وتەبێژى وەبەرهێنانى گەرمیان کرد، ئەو بێئاگایى خۆى لە روونکردنەوەکە بڵاوکردەوە، وتى نە روونکردنەوەیەکى لەو شێوەیەمان هەیە و نە بڵاومان کردووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، خاوەن نۆ کارگەی دروستکردنی بلۆک لە کەلار گردبونەوە، و دەڵێن شوێنی کارگەکانمان دەکرێتە پرۆژەی وەبەرھێنان، ئەوەی بووە بە گرفت و نارەزایەتی ئەوان ئەو قەرەبووەیە کە بۆیان دانراوە و پێی رازی نین.

خاوەنی یەکێک لە کارگەکان قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردووە و دەڵێت، قەرەبووەکە خانوویەک و زەوییەکە، کە دەبێت خۆمان زەوییەکەش بیکەینەوە بە خانوو، لە کاتێکدا ئێمە داوامانکردووە زەوییەک بێت کە زوو بکرێت بە پارە، بەڵام سەرەڕای هاوتانەبوونی قەرەبووەکەش، دوو کەسمان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

عومەر گەڵاڵی یەکێکی ترە لە خاوەن کارگەکان ئەو وتی، لەلای من 12 کرێکاری دروستکردنی بلۆک و نزیکەی 50 کرێکار کە بلۆکیان بار دەکرد بۆ ناو بارهەڵگرەکان ئێستا سەرجەمیان بێ کار بوون.

خاوەن کارگەکانی بلۆک لە کەلار بە قەرەبووەکەیان رازی نی...

خاوەن کارگەکانی بلۆک لە کەلار بە قەرەبووەکەیان رازی نین