لە کوێستانەکانی رواندز

شوانکاران بەفری کوێستانەکان دادەپۆشن و لە هاوین بەکاریدەهێنن

964+

ئاکام غەفور – رواندز

لە قەزای رواندز، ئاژەڵداران بەفری کوێستانی کاروخ دادەپۆشن بۆ ئەوەی بتوانن لە وەرزی هاوین سودی لێ ببینن.

دانیشتوانی گوندی گەرەوان، دەچنە چیای کاروخ بە هەرەوەزی کاری بەفر ئاخاوتن ئەنجامدەدەن، مەبەست لە کارەکەش دابینکردنی ئاوە لە وەرزی هاوین بۆ ئاژەڵەکانیان.

بەفر ئاخاوتن دوو جۆری هەیە، کە یەکێکیان چاڵێکە بەهۆی رەشەبا پر بەفر بووە تەنها دایدەپۆشن بە خێمە، جۆرێکی تریش ئەوەیە کە چاڵێکە شوانکاران بەفری دوروبەری کۆ دەکەنەوە چاڵەکە پڕ بەفر دەکەن دایدەپۆشن.

کارەکە لە کۆندا بە گیای کوێستانیەکان دەکرا، بەڵام ئێستا بە خێمە و فەرش راخستن لەسەر بەفرەکە کارەکە دەکەن و لە تیشکی خۆر دەیپارێزن بۆئەوەی نەتوێتەوە.

عەبدولرەحمان گەرەوەی، ئاژەڵدارێکی گوندی گەرەوانە، ئەو بە 964ـی وت، “ئەمساڵ بەفرێکی زۆر لە کوێستانەکان هەیە، لەچاو ساڵانی پێشتر کارەکە ئاسانترە، لە گەشتێکدا چاڵێکمان دەستکەوتوە کە رەشەبا پڕبەفری کردبو،  زیاتر لە 15 مەتر بەفری تێدابوو، بەفرەکەمان ئاخاوت”.

کوێستانی کاروخ دەکەوێتە گوندی گەرەوان لە قەزای رواندز، ساڵانە ئاژەڵداران روویتێدەکەن بە مەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان.

پێداچوونەوە: هاوبەش

بۆ یەکەمجار پاڵەوانیەتی

بۆ یەکەمجار پاڵەوانیەتی "سکی" خلیسکانێی سەر بەفر لە چۆمان بەڕێوەچوو