لە بەغداوە نوسراو هاتووە
ئەم مانگە هەر کەسێک بڕێک کەمتر برنجی بایەعی پێ دەدرێت
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێم ئاگاداری هاوڵاتییان دەکات، ئەم مانگە لە برنج و دۆشاوی تەماتە رێژەیەکی کەمتریان پێ دەدرێت و کاتێک دەچنە لای بریکارەکانی خۆراک ئەم کەمکردنە پەیوەندی نییە بە بریکارەکانەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، نوسراوێک لە کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک لە بەغداوە هاتووە، تیایدا هاتووە بەشی سێیەمی بەشەخۆراک دابەش دەکرێت، بەڵام گۆڕانکاری لێکراوە و ناشزانرێت هۆکار چییە.
ئەوەشی وت، بڕی دوو کیلۆ و نیو برنج دەدرێتە هەر هاوڵاتییەک واتە نیو کیلۆ کەمتر لە مانگەکانی رابڕدوو، هاوکات بۆ دۆشاوی تەماتەش ئەم مانگە هەر هاوڵاتییەک یەک قوتو دۆشاوی 800 گرامی پێ دەدرێت، لەبری بەشی سێهەم و چوارەمی خۆراک.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە دابەشکردنی بەشە خۆراکی سێیەم دەستپێدەکات، ئەوەی لەلای وەزارەتی بازرگانی عێراق ناوی لێنراوە بەشی چوارەم، چونکە ئەو بەشە زیادەیەی لە رەمەزان بەسەر هاوڵاتییان دابەشکرا لای ئەوان بە مانگێک هەژمار کراوە.