لە خورماتوو
هەڵمەتی چاککردن و گۆڕینی محاویلە و کێبڵ و ستوونەکان دەستیپێکرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە خورماتوو و دەوروبەری هەڵەمتی گۆڕین و چاککردنی کێبڵ و محاویلە و ستوونەکانی کارەبا دەستیپێکردووە، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای شارەکە دەڵێت، بۆ باشترکردنی کارەبایە.
فازڵ عەباس ئیماملی، بەڕێوەبەری بەشی کارەبای دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “لەپێناو باشترکردنی کارەبای قەزاکە، هەستاین بە گۆڕینی ئەو مەحاویلە و کێبڵانەی کە ساڵانێکه نەگۆڕدراون و زیاتر لە جارێک کێشەیان بۆ دانشتوانی گەڕەکەکانی قەزاکە دروست دەکر”.
وتیشی، “لە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبین تا سەرجەم کێشەکانی کارەبای سنوورەکە چارەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتیان رووبەڕووی کێشە و گرفتی بێکارەبایی نەبنەوە”.
هەڵمەتەکە جگە لە خورماتوو ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری قەزاکەش دەگرێتەوە.
“سەرجەم کەرەستە و ئامێرەکانمان لەلایەن فەرمانگەی گشتی بەشی کارەبای سەڵاحەدینەوە بۆ دابین کراوە و هەر جێگەیەک کێشە و گرفتی کارەبای هەبێت دەستبەجێ دەگەینە شوێنەکە و چاکی دەکەینەوە یان دەیگۆڕین بە کەرەستەی نوێ”، فازڵ عەباس ئیماملی وای وت.
ئەو هەڵمەتە لەکاتێکدایە دانیشتوانی خورماتوو دەوروبەری بەهۆی کۆنیی کێبڵ و محاویلەکانەوە بەردەوام تووشی کێشەی بڕانی کارەبا دەبوون.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد