لە رێگەی تەلەفۆنەوە دەردەکەوێت
لە شیلادزێ چیتر تیشک چاپ ناکرێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە بنکەی تەندروستیی شیلادزێ چیتر تیشک چاپ ناکرێت، بەڵکو لە رێگەی بارکۆدێکەوە دەدرێتەوە بە هاوڵاتیان و هەرکات کامێرای تەلەفۆنەکانیان بخەنە سەر وێنەی تیشکەکەیان لەسەر تەلەفۆنەکەیان دەردەکەوێت.
ماوەی هەفتەیەکە کار بەو سیستمە دەکرێت و بە قسەی بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی شیلادزێ کارەکەیان سەرکەوتوو بووە.
نەورۆز میهران، بەڕێوبەەری بنکەی تەندروستیی شێلادزێ بە 964ـی وت، “نزیکەی مانگێکە بیرۆکەی دروستکردنی سیستەمی QR Codeـمان هەبوو و ئەمە زیاتر لە هەفتەیەکە بەکاری دەهێنین ئەنجامەکەشی زۆر باشە”.
وتیشی، “بارکۆدێک دەدەین بە نەخۆش کەوا وێنەی تیشکەکەی تێدا سەیڤ کراوە و هەرکاتێک کامێرای مۆبایل بخاتە سەر بارکۆدەکە، وێنەی تیشکەکە هەیە و دەتوانێت هەموو کاتێک و لای هەموو پزیشکێک بەکاری بهێنیت”.
بەپێی قسەی ئەو پزیشکە بێت، بەو کارەیان ساڵانە چوار هەزار دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێننەوە، لە پای نەکڕینی ئەو ماددەیەی تیشکەکەیان لەسەر چاپ دەکرد.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد