ناوەکان راگەیەندرا و لە 964 بیخوێنەوە

ئەو خێزانە کوردانەی قەرەبووکرانەوە 10 ملیۆن دینار وەردەگرن

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەمڕۆ سێشەممە 16.4.2024، بۆ یەکەمجار لە دوای دووساڵ زۆرترین چەکی قەرەبووی مادەی 140 گەڕایەوە بۆ ئاوارە کوردەکان لە کەرکوک، ئۆفیسی کەرکوکی مادەی 140 داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات کە ناویان تۆمارکردووە بۆ چەکی قەرەبوو، ناوەکانیان گەڕاوەتەوە، سبەینێ چوارشەممە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی چەکەکەیان.

کاکەڕەش سدیق بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی مادەی 140، بە 964ـی وت، “لیستی ناوەکانی قۆناغی (32، 33، 34) مان، رەوانەی بەغدا کردبوو، ئەمڕۆ خۆشبەختانە چەکی قەرەبووی 845 خێزان گەڕاوەتەوە بۆ نووسینگەی مادەی 140ی کەرکوک”، بە قسەی کاکەڕەش سدیق بێت، زۆرینەی چەکی قەرەبووەکان بۆ ئاوارەکانە کوردەکان گەڕاوەتەوە، لە کۆی ئەو ژمارەیەش چەند خێزانێکی نەتەوەی تورکمانی تێدایە کە بەهەمان شێوە ئاوارەبوون.

ئۆفیسی کەرکوک مادەی 140، بۆ سبەینێ چوارشەممە، سێ شوێنی دیاریکردووە و بەپێی کۆدەکانیان دەتوانن لەو پەنجەرانە دیاری دەکرێن چەکەکانیان وەربگرن و لە بانکە حکومییەکان پارەکانیان بە کاش وەربگرن، بە مەرجێک دەبێت ئەو هاوڵاتییانە کارتی نیشتمانی- یان پێ بێت لە کاتی وەرگرتنی چەکەکەدا.

سەرۆک خێزانێک 15 ساڵە ناوی خۆی تۆمارکردووە و ناوی عیماد محەمەدە، ئەو بە 964ـی وت، “پاش ئەو ماوە زۆرە ئەمڕۆ ئاگادارکرامەوە ناوم لە نێو لیستەکەدا هەیە، پێیان وتین، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی دیاریکردووە و هەر خێزانێکی کورد بڕی 10 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو وەردەگرێت”.

ئەو قەرەبووە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە، کە لەسەردەمی رژێمی بەعس ئاوارە و دەربەدەری شارەکانی هەرێمی کوردستان، یان بە پێچەوانەوە ئاوارەی پارێزگای رومادی بوون، بە قسەی کاکەڕەش سدیق بێت، “ژمارەیەک زۆری ناوی خێزان ماوە چەکەکانیان بگەرێتەوە لە بەغدا چاوەڕوانن مامەڵەکانیان کۆتایی پێ بێت و چەکەکانیان بۆ رەوانە بکرێت”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لیستی ناوی قەرەبووکراوەکان؛