عومەر چاوشین سبەی بەخاک دەسپێردرێت
+964
پەرستۆ ساڵح – هەولێر
هونەرمەندی بەناوبانگ و دێرینی کوردستان عومەر چاوشین، بەهۆی نەخۆشیەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کردو سبەی تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت.
سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانونی دووەم عومەر چاوشین لە تەمەنی 81 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد، بەپێی زانیارییەکانی +964 لەلایەن خوشکەکەیەوە رۆژێک بەرلەمردنی لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێرەوە بەرەو شاری سلێمانی براوەتەوە بەهۆی ئەوەی بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە و توانای خواردنی نەماوە و لاواز بووە.
عومەر چاوشین لە ساڵی ١٩٤٢ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە تیپی نواندنی سلێمانییەوە کردووەو بووە بە ئەندام، بەشداری چەندین کاری دراما و شانۆی کردووە، یەکەم هونەرمەندی پیاوی بواری نواندن بووە رۆڵی ژن بگێڕێت، لەگەڵ هونەرمەند مەکی عەبدوڵڵادا کۆمەڵێک چیرۆکی نواندنیان بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک دەرکردووە وەک پیسکەی تەڕپیر – جەنابی موفەتیش – ژن بە ژن – ماوتە کاولی کەی – شایی خوێناوی – گۆڕ هەڵکەن.
نۆ جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، لە 2019ەوە لە خانەی بەساڵاچووانی شاری هەولێر ژیانی بەسەربردووە.
کاتژمێر 9:00ی سبەی بەیانی تەرمی عومەر چاوشین لە مزگەوتی شێخ فەریدەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێدەکرێت و لەوێ بە خاک دەسپێردرێت