ئاوی ئاوەڕۆ چووەتە ناویانەوە

زیان بە چەند ماڵێکی گەڕەکی قولەی رانیە دەگات

964+

پێشەوا محەمەد

بەهۆی گیرانی ئاوەڕۆی گەڕەکی قولەی شاری رانیەوە، زیان بە چەند ماڵ و کۆگایەک گەیشتووە و ئاو چووەتە ناوییەوە.

ئەو ئاوەڕۆیە بەهۆی بەربەستی چەند جوتیارێکەوە گیراوە، کە لە ئاوەڕۆکەدا دروستیان کردووە تا ئاوەکە بەرزبێتەوە و بگاتە زەوییەکانیان.

بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانیە بە 964ـی راگەیاند، ئەوە چەندەمین جارە ئەو جوتیارانە بەو شێوەیە ئەو ئاوەڕۆیە دەگرن و زیان بە ماڵەکانی ئەو گەڕەکە دەگەیەنن.

وتیشی، “ئەو ئاوەڕۆیە پیسە و ئەو جوتیارانە بۆ ئاودانی سەوزە بەکاری دەهێنن، کە زۆر پیسە، ساڵی رابردوو رێگری لە هەموویان کرا و زەوییەکانیان کێڵدرایەوە، بەڵام وازناهێنن و هەر دەیکەنەوە”.

لیژنەکانی قایمقامیەتی رانیە ساڵی رابردوو قەدەغەیان کرد بە ئاوی ئاوەڕۆ سەوزە ئاو بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ئەو سەوزانەیان کێڵایەوە، کە بە ئاوەڕۆ ئاودەدران.

“ئێمە بەردەوام رێگرییان لێدەکەین و لیژنەکانی قایمقامیەتیش لەسەر هێڵن بۆ ئەو کارە، بەڵام جوتیارەکان زۆرن و وازیش ناهێنن”، بەرهەم رەسوڵ وای وت.

شارەوانیی رانییە 11 دوکانی بەکرێ دەدات

شارەوانیی رانییە 11 دوکانی بەکرێ دەدات