"یان چارەسەر یان رێگا دەگرین"
دانیشتووانی سماقوڵی یەک هەفتە مۆڵەت بە حکومەت دەدەن
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بەهۆی چارەسەرکردنی رێگای بالیسان کە رێگایەکی نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانییە، رێگا لە بارهەڵگرەکان گیراوە ئەو رێگایە بەکاربێنن، بۆیە شۆفێری بارهەڵگرەکان جارێکی دیكه هاتنەوە رێگای سماقوڵی کە ماوەیەک بەر لە ئێستاش ئەو رێگایەیان بەکاردەهێنا، دانیشتووانی سماقوڵیش ناڕازیبوون و هەندێک لە نوێنەری گوندەکانیان ئەمڕۆ چوونە لای قائیمقامی قەزای کۆیە، تا چارەسەری کێشەیان بۆ بکات.
شاکر سماقوڵی، یەکێک لە نوێنەرەکانی خۆپیشاندەرانی ئەم دواییەی رێگای سماقوڵییه و بە 964ی راگەیاند، “هاتووینە لای قائیمقامی کۆیە تا پێی بڵێن ئهگەر کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکەن، رێگاکە دەگرینەوە، هەر چەندە بەشێکی رێگاكه چاك کراوەتەوە، بەڵام هاتنی ئەو بارهەڵگرانە دووبارە رێگاكە تێکدەداتەوە و وەک خۆی لێدەکاتەوە.
تاریق حەیدەری، قائیمقامی قەزای کۆیە، بە 964ی راگەیاند، “لەگهڵ سەرووی خۆم له ههوڵدام تا کێشەی دانیشتووانی سماقوڵی چارەسەر بکەین، هۆکاری کێشەکەش نەدانی بڕە پارەی تەرخانکراوەی کۆمپانیای ناوبراوە لە لایەن حکومەتەوە، کە ئەرکی تەواوکردنی رێگاكهی لە ئەستۆیە.
رێگای سماقوڵی کە یەکێکە لەو رێگایانەی پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە خۆیەوە دەبەستێتەوە، بە هۆی ئەوەی بارهەڵگرێکی زۆر بەو رێگایهدا دەڕۆن، دانیشتووانی گوندەکانیان بێزارکردووە و رێگاكانیشیان تێکداوە و تووشی زیان هاتوون.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا