بەبێ کارتی بانکی سزا دەدرێن
دوا هۆشداری دەدرێتە بریکارەکانی سلێمانی
964+
پێشەوا محەمەد
بازرگانیی خۆراکی سلێمانی دوایین هۆشداری دەداتە بریکارەکان و دەڵێت، ئەگەر زوو پارەکەیان لە رێگەی بانکەوە نەدەن سزا دەدرێن.
964 لە بەڕێوەبەرایەتییەکەوە دەزانێت، سزای ئەو بریکارانەی زوو کارتی بانکی دروستناکەن و پارە نادەن نزیکەی 200 هەزار دینارە و بەشە خۆراکیشیان بۆ داناگیرێت و دەدرێت بە نزیکترین بریکار.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی سلێمانی بە 964ـی وت، “وەزارەتی بازرگانیی عێراق هۆشداریی داوینەتێ کە تەنیا پارێزگای سلێمانییە هێشتا بەشێک لە بریکارەکانی خۆراکی کارتی بانکیان نییە و پارەی پارێزگاکە نەدراوە”.
بە پێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دەبێت سەرجەم بریکارەکانی خۆراک کارتی بانکی دروستبکەن و لەو رێگەیەوە پارە بخەنە سەر حسابی بانکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانیی خۆراک.
کامەران فەتاح وتیشی، “هۆکاری دروستنەکردنی کارتی بانکی لە لایەن بریکارەکانەوە بەشێکی بۆ نەبوونی هۆشیاری و بەشێکی بۆ نەبوونی متمانە دەگەڕێتەوە”.
لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری سێ هەزار و 246 بریکار هەن و دوو ملیۆن و 74 هەزار و 91 هاوڵاتیش بەشە خۆراک وەردەگرن.