بەرپرسێک: بووە بە رۆتین
لە دوو ناوچەی پێنجوێن 29 کەسی بیانی دەستگیرکران
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
پۆلیسی پاسەوانی سنووری پێنجوێن 29 کەسی بیانی لە سنوری قەزای پێنجوێن دەستگیرکرد کە بە نایاسایی هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
بەشێکیان لە سنوری دەروازەی نیمچە فەرمی سەیرانبەن و بەشێکی دیکەیان لە نزیک سەرچاوەی ئاوی گۆڵێ-وە دەرباز بوون.
ئەمڕۆ هەینی 12.4.2024، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پۆلیسی پاسەوانی سنوور کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت بە 964ی وت، ئەو کەسانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ژمارەیان 29 کەسە و ویستوویانە بە نایاسایی بچنە ناوچەکانی خوارووی عێراق.
باسی لەوەشکرد، لەو 29 کەسە ژمارەیەکیان بەنگلادیشین و ژمارەیەکی دیکەشیان پاکستانین و لەو دوو رێگایەوە بە پیادە هاتوون و بەشێوەیەکی پەرتەوازە هاتوون، بەڵام تواندراوە دەستگیریان بکەن دواتریش رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون.
ئەو بەرپرسە دۆخەکە وا لێک دەداتەوە، کە بووبێت بە رۆتینێکی رۆژانە و وتی، هەندێکات لە هەفتەیەکدا نزیکەی 50 کەسی بیانی و زیاتریش دەستگیر دەکرێن.
بە قسەی ئەو، “ئەوەی دەکرێ بازرگانی کردنە بە مرۆڤە لە وڵاتی ئێرانەوە سەری هەڵداوە، لەناو خاکی ئەو وڵاتەوە بڵاوەیان پێ ئەکرێت و بەزۆری ئەو کەسانەش بەنگلادیشی، پاکستانی، فارس، تورک و رووسین کە دەیانەوێت سنورەکانی ئێران لەگەڵ عێراق بە نایاسایی بببەزێنن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا