"لە کامێراکان ناتانپارێزێت"

هاتوچۆی سلێمانی: شاردنەوەی تابلۆ بە قوڕ سزای قورسی لەسەرە

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکات، دەستکاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان نەکەن و بە قوڕ نەیشارنەوە، چونکە سزای قورسی لەسەرە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.4.2024، هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی دەداتە شۆفێران و ئاگاداریان دەکاتەوە “هەر شوفێرێک دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بکات، بیچەمێنێتەوە، دەستکاریی ژمارەکان بکات، بە قوڕ یان هەر ماددەیەکی دیکە بیشارێتەوە، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و دەدرێتە دادگا”.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ناتانپارێزێ بەڵکو تاوانێکی دیکەش ئەنجام دەدەن و رووبەرووی سزای یاسایی توند دەبنەوە”.

بەختیار محەمەد، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 965ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە نوێ نییە و تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێرانە کە سەرپێچی لەو جۆرە نەکەن.

پێشتریش، عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی – بەشی رۆژئاوا بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆکانیان دەگۆڕن، هەر کاتێک بەهۆی خێرایی زیاتر لە رێگەپێدراو لە کامێراکانی هاتوچۆ بدەن تۆمار دەکرێن و “سزاکانیان دەچێتە بەشی ئۆتۆمبێلەکانی دەرەوەی هەرێم”.

دوو قات بوونی سزای هاتوچۆ هەڵوەشایەوە

دوو قات بوونی سزای هاتوچۆ هەڵوەشایەوە