لافاو زیانی پێگەیاندوون
بەشێکی سەیرانگاکانی ئامێدی بۆ جەژن ئامادە نەکراون
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
بەشێک لە سەیرانگاکانی ئامێدی بۆ جەژن ناتوانن پێشوازی لە گەشتیاران بکەن بەهۆی ئامادە نەبوونیان.
لە رێکەوتی 2024.3.19 لە مانگی رەمەزاندا لافاوێکی بەهێز سنووری ئامێدی گرتەوە، سەیرانگاکانی ئەو سنورە ژێر لافاو کەوتن بەشێکی زۆریان بەهۆی لافاو روخان و زیانیان پێگەیشت.
لە ئێستادا بەشێک لە سەیرانگاکان چاک کراون، بەڵام سەیرانگاکانی ئاشەوا کە زیاتر لە 200 کەپر و شوێن هەن و ناحیەی چەمانکێ هەر بە داخراوی ماونەتەوە و چاک نەکراون، راگەیاندنی گەشتوگوزاری ئامێدیش دەڵێت، دەتوانین بلێین %50 شوێنە گەشتیاریەکان چاک کراون ئامادەن بۆ گەشتیاران.
حیکمەت بەرگاری بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ـی وت، بەهۆی لافاو زیانێکی زۆر بە شوێنە گەشتیاریەکان گەیشتووە، بەهۆی بەردەوامی بارانبارین نەمانتوانی سەیرانگاکان بە تەواوی ئامادە بکەین، بەڵام بەشێک لە سەیرانگاکان ئامادەن بۆ پێشوازی کردن لە گروپە گەشتیاریەکان.
دلشاد سەرسنگی بەرپرسی نوسینگەی سۆلاڤ لقی بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری ئامێدیش قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، بۆ ئەم جەژنە سەیرانگای سۆلاڤ و گەلی شێرانە و سەیرانگای ڤین لە ناحیەی دێرەلۆک ئامادەکاری کراوە و شوێنەکان پاککراونەتەوە بۆ رۆژانی جەژن ئامادەن، بەڵام وەک ساڵانی رابردوو ئامادەکاری تەواومان نەکردوە.
بارزان هێتۆتی خاوەنی شوێنێکی گەورەی گەشتیاری ئاشەوا لە سنووری ناحیەی سەرسنگ بە 964ـی وت، سەیرانگاکەمان زیانی زۆری پێگەیشتووە نەمانتوانی بۆ چەژن ئامادەی بکەین، بەڵام لە دوای چەژن کارەکانمان تەواو دەکەین ئامادە دەبێت بۆ گەشتیاران.
بەپێی زانیاری 964، لە سنووری قەزای ئامێدی زیاتر لە 200 شوێنی گەشتیاری بوونی هەیە، لافاو زیانی بە 120 سەیرانگا گەیاندبوو، چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ گەشتیارێکی کەمتر روو لە سنوورەکە بکەن بۆ جەژن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی