دواتر پەیکەرەکە شکا
21 ساڵ بەسەر “علوج”ـەکەدا تێدەپەڕێت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ 21 ساڵ بەسەر وشەى “علوج”ـەکەدا تێدەپەڕێت کە وتەبێژى ئەوکاتى رژێمى پێشوى عێراق، هێزەکانى ئەمەریکاى پێ ناوزەند کرد و دواتر ئەو وشەیە بەسەر زۆر کەسى دیکە و شتى دیکەدا سەپێنرا، لەسەرووى هەموویانەوە محەمەد سەید سەحاف خۆى کە وەک وتەبێژە علوجەکە ناسرا.
رۆژى 20ـى ئادار، پڕۆسەى ئازادى عێراق دەستیپێکرد، سەرەتا لە ئاسمانەوە بنکە و بارەگا سەربازیی و موشەکییەکانى سوپاى عێراق بۆردوومانکرا و پێنج رۆژ دواتر 4 هەزار سەربازى هێزى دەریایى لە کەنداوەوە گەیشتنە زیقار و پێشڕەوى بەرەو بەغداد دەستیپێکرد.
لە رۆژانى 4 و 5ـى نیسان سوپاى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى گەیشتنە ناو بەغداد و چەند شوێنێکى هەستیاریان کۆنتڕۆڵکرد، بەڵام حکومەتى عێراق ئەوەى بە پڕووپاگەندە وێناکرد و رۆژى 7ـى نیسان، محەمەد سەید سەحاف، وەزیرى رۆشنبیرى و وتەبێژى دڵسۆزى حکومەت، هێزەکانى ئەمەریکاى بە “علوج” ناوبرد.
سەحاف لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغداد ئەنجامیدا، بە راگەیاندنەکانى وت،”ئەوە راست نیە کە گەمارۆى کۆشکى سەرۆکایەتى درابێت، ئێمە گەمارۆى ئەو علوجانەمان داوە”.
زۆر بەسەر ئەو قسەیەدا تێنەپەڕى و لە 9ـى نیسان، هێزە کانى ئەمەریکا گەیشتنە مەدینە سەلام و تانک و زرێپۆشەکان لەناوەڕاستى بەغداد و پەیکەرە دیارەکەى سەددام حوسێنیان دا بەزەویدا و لەو دیمەنەوە کۆتایى چارەگە سەدەیەک لە حکومى دیکتاتۆرى عێراق راگەیەنرا.
وشەى علوج ئەگەر بوونیشى هەبوبێت، بەڵام لە دەمى سەحافەوە چووە ناو زمانى وشە نافەرهەنگییەکان و دواتر بەسەر زۆر کەس و شتى دیکەدا سەپێنرا.
یەکەم کەس دواى روخانى سەدام، سەید سەحاف بووە قوربانى ئەو وشەیە و و ناسناوى وتەبێژى علوجى بەسەردا سەپێنرا، دواتر هەر ئۆتۆمبێلێک کە لە دواى پڕۆسەى ئازادى بە تاڵانى دەهێنرانە هەرێمى کوردستان و بێ ناسنامە بوون، بە ئۆتۆمبێلە علوجەکان ناسران، تەنانەت ئێستا لە سلێمانى پێشەنگاى علوجەکان هەیە و ئۆتۆمبێلە بێ ناسنامە و بێ سەرەتاکانى تێدا دەفرۆشرێن.