تەنیا بۆ قەرزدارەکان نییە

لێخۆشبوونی 20%ـی کارەبا چووە بواری جێبەجێکردنەوە

964+

پێشەوا محەمەد

بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەمڕۆوە لێخۆشبوونی 20%ـی پارەی کارەبا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاتەکەشی دیاری نەکراوە.

لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە؛ “لێخۆشبوونەکە تا کۆتاییهاتنی ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت”.

سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەو بڕیارە تەنیا ئەوانە ناگرێتەوە پارەی کارەبا قەرزدارن، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە قەرزدار نین و مانگانە لە کاتی پارەدانی کارەبادا ئەو لێخۆشبوونەیان بۆ دەکرێت”.

وتیشی، “بڕیارەکە ئەمڕۆ دەرچووە و دەڵێ لەمڕۆوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ کات نەمابوو و لە سبەینێوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

پێشتر وەزارەتی کارەبا چەند جارێکی دیکە ئەو بڕیارەی دەرکرد، بەڵام سەرجەمیان بۆ ماوەی سێ مانگ بوون و وادەکە کۆتایی دەهات.

وتەبێژی کارەبای سلێمانی روونیشیکردەوە، ئەو بڕیارە دەبێتە هاندەری هاوڵاتیان بۆ ئەوەی پارەی کارەبا بدەن و داهاتێکی باشیش بۆ حکومەت کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی کارەبا: بڕیارماندا بە دابەشکردنی کارەبای یەک...

وەزارەتی کارەبا: بڕیارماندا بە دابەشکردنی کارەبای یەکسان بۆ پارێزگاکان