ئەوانەی خوێن دەبەخشن دەبێت پارە بدەن

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

لە بانکی خوێنی سلێمانی، ئەگەر کەسێک بۆ نەخۆشێکی ناسراوی خوێن ببەخشێت 16 هەزار دیناری لێوەردەگرن، هەمان شت لە هەولێر حەوت هەزار و 500 دینارە.

ئەوە بۆ کاتێکە کە نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەی ئەهلی نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

964+ بەدواداچوونی کرد بۆ ئەو بابەتە، قسەمان کرد لەگەڵ کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی و دکتۆر سانع ئەرگوشی، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەولێر.

کۆچەر ئیبراهیم وتی، لە بانکی خوێنی سلێمانی، هەرکەسێک خوێن ببەخشێت بۆ نەخۆشێک کە لە نەخۆشخانەی ئەهلیە، ئەوا 16 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەی حکومی بێت، ئەوا دوو هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.

وتیشی، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پێنج پشکنینی ڤایرۆسیە کە بۆ خوێنبەخشەکان دەکرێت.

لە لایەکی دیکە، دکتۆر سانع لە بانکی خوێنی هەولێر باسی لەوەکرد، هەرکەسێک خوێن ببەخشێت بۆ نەخۆشێک کە لە نەخۆشخانەی ئەهلیە، ئەوا حەوت هەزار و 500 دیناری لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە لە نەخۆشخانەی حکومی بێت، ئەوا هیچ بڕە پارەیەکی لێوەرناگیرێت.

هەردوولا جەختیان کردەوە، کە خوێنبەخشین ئەگەر بۆ نەخۆشێکی دیاریکراو نەبێت، ئەوا بە خۆڕاییە.