ناوچەیەکی هەمەچەشن

پۆندی دروستکرد و 300 پەنجەماسی بۆ هێناوە

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هاوڵاتیەکی دانیشتووی ناوچەی داودەی قەزای دوزخورماتوو، بۆ ئەوەی هەمەچەشنی لە سروشتی ناوچەکەی بکات، 300 پەنجە ماسی هێناوە، بۆ ناو ئەو پۆندانەی کە دروستی کردوون.

ساڵی 2023 و سەرەتای وەرزی پایزەوە ئامادەکاری بۆ پۆندەکان کرد و لە هەمان گوند دوو پۆندی دروستکرد بۆ گلدانەوەی ئاو، پاش باران بارینی ئەمساڵ و پڕبوونی هەردوو پۆندەکەی بەتەواوی، بیری لەوە کردەوە 300 پەنجە ماسی بۆ پۆندەکانی بهێنێت.

تاریق مەجید هاوڵاتیەکەیە بە 964ی وت، جگە لە سوود گەیاندن بە دانیشتووانی ناوچەکە لە بواری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و باڵندە کێوییەکانی سنورەکە، دەیەوێت لەو رێگەیەشەوە سروشتی ناوچەکەی جوانتر و هەمەچەشنتر بکات.

ئەو وتی، داواکارم لەو کەسانەی بەلای پۆندەکەیا تێدەپەڕن خواردن بخەنە ئاوەکە بۆ پاراستنی ماسییەکان و نیگەرانیشە لەوکەسانەی کاری راوچێتی دەکەن و لەداهاتودا دەبنە مەترسی بۆ سەر ماسییەکانی.

پۆندەکان لە گوندی عومەرە سورە بەدووری 45 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی باکوری قەزای دوزخورماتوو، هەر یەک لەو پۆندانەی کە دروستی کردوون، پانییەکەیان نزیکەی 10 مەتر و درێژییەکەشیان 20 مەترە، هەروەها قوڵی هەر پۆندێکیان بە نزیکەی دەگاتە هەشت مەتر.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا