جۆرێکی تەقەمەنی یاریی منداڵان - وێنە: قایمقامیەتی دەربەندیخان
شوێنەکان دادەخرێن
لە هەولێر و دەربەندیخان لیژنەکانی قایمقامیەت بەدوای تەقەمەنی یاری منداڵان دەگەڕێن
964+
فەهمی نەبی
لیژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر و قەزای دەربەندیخان بەدوای تەقەمەنی یاری منداڵان دەگەڕێن و دەڵێن، لەهەر شوێن بینینن دەستی بەسەردادەگرین.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بۆ 964 دەڵێت: لە ساڵانی رابردووش تەقەمەنی یاری منداڵان لە هەولێر قەدەغە کراوە و ئەمساڵیش لە هەرشوێنێک هەبێت لیژنەکان دەچن و دەستی بەسەردادەگرن.
سەبارەت بەدیاریکردنی سزا بۆ ئەوانەی بازرگانی پێوە دەکەن، قایمقامی هەولێر وتی، “هیچ سزایەک دیارینەکراوە، تەنیا ئەوەیە رێگا نادەین کەس بازرگانی پێوەبکات و رۆژانی جەژن ببێتە هۆی بێزاری خەڵک”.
لەلایەکی تر ئەمڕۆ هەینی قایمقامیەتی دەربەندیخان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن، “ئاگاداری تەواوی سوپەرمارکێت و مارکێت و مینی مارکێتەکانی سنوری شارەکەمان دەکەین بە هەموو جۆرێک هێنان و فرۆشتنی جۆرەکانی تەقەمەنی بێزارکەری منداڵان قەدەغەیە لە رۆژانی جەژن دوای جەژن”.
ئەوەش هاتووە، لیژنەکانی قایمقامیەت بەوردی چاودێری بازاڕ دەکەن، هەرشوێنێک ئەو جۆرە تەقەمەنیەی یاری منداڵان بفرۆشێت، جگە لەوەی رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە هاوکات شوێنەکەشی پێ دادەخرێت.