هی بەر خۆر مەکڕن

قایمقامیەتی سلێمانی لەبارەی جۆرێک چوکلێت ھۆشداری دەدات

964+

ژووری هەواڵ

قایمقامی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان لەبارەی ئەو چوکلێتانەی کە بەشێوەی ھەڵڕژارو دەفرۆشرێن و دەڵێت، بەشێکیان گومانی بەسەرچوونی ماوەکەی لێدەکرێت و رێژەیەکی زۆر دەستیبەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ هەینی 5.4.2024، ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەشێک لەو چوکلێتانەی کە بەشێوەی هەڵرژاو دەفرۆشرێن گومانی بەسەرچوونی ماوەکەی لێدەکرێت، لەڕووی تەندروستیەوە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت، بۆیە واباشترە لەکاتی بازاڕکردندا و پێش کڕینی خواردەمەنی سەرنج لە ماوەی بەسەرچونی بدرێت.

وتیشی، لیژنە ھاوبەشەکان دەستیان بەسەر بڕیکی زۆر چوکلێتدا گرتووە کە ماوەکەیان بەسەرچووە و خاوەنەکانیان بەنیازبوون بە شێوەی ھەڵڕژاو بەسەر ھاوڵاتیاندا ساغیبکەنەوە.

“بەشێک لە توشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، خۆراکە ماوەبەسەرچوەکانە… لەکاتی بازارکرندا بەوردی سەرنج لە بەرواری دروستکردنی خۆراکە ماددەکان بدەن”، ئازاد نەبی وای وت.

نوێنەری تەندروستی لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داواش لە ھاوڵاتیان دەکات، لەبەر ھەبوونی زیان بۆ سەر تەندروستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە پلەی گەرم و بەرتیشکی خۆر دادەنرێن و لەلایەن دەستگێڕ، دوکان و مارکێتەکانەوە دەفرۆشرێن، مەکڕن و بەکاریان مەھێن.

لە رێکەوتی 18.3.2024، لیژنەکانی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەناو یەک دوکاندا لەناو بازاڕی سلێمانی دەستیان بەسەر نزیکەی 30 کارتۆن جەلی و نوقڵ و چوکلێتی بەسەرچوودا گرت، بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بۆ 964ـی روونکردەوە، ئەو شوێنە هەم دوکانی هەبوو لەناو بازاڕی سلێمانی، هەم کۆگایەکی هەبووە و لیژنەکەیان دوکان و کۆگاکەشیان پشکنیوە.

دەستبەسەر نزیکەی 30 کارتۆن جەلی و نوقڵی بەسەرچوودا گیرا

دەستبەسەر نزیکەی 30 کارتۆن جەلی و نوقڵی بەسەرچوودا گیرا