کێشە لەسەر مامۆستایە
خەڵکی مزگەوتێکی کۆیە نەیانهێشت وتاری هەینی بدرێت
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی مەدینە لە شاری کۆیە لە وتاردان دوورخراوەتەوە، ئەمڕۆ هەینی خەڵکی نوێژخوێنی مزگەوتەکە نەیانهێشت ئەو مامۆستایە وتار بخوێنێتەوە، کە لە جێگەی مامۆستا دوورخراوەکەدا دانراوە.
بەڕێز ئیسماعیل، یەکێک لە نوێژخوێنانی ئەو مزگەوتە بە 964ی وت، خەڵکی مزگەوتەکە نەیانهێشت وتار بخوێندرێتەوە، چونکە پێیان وایە بە نادادپەروەری مامۆستای مزگەوتەکە لادراوە و ئێستاکە مامۆستایەکی دیکە هاتووە لە جێگەی ئەو.
مامۆستا هێمن بۆگدی کە وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی مەدینە بوو لە کۆیە، بۆ ماوەی 10 ساڵە لەو کارەی بەردەوامە، دوای بڕیارێک، کە دەگوترێت لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە دراوە، لە وتاربێژی و پێشنوێژی دوورخراوەتەوە.
964 پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئەوقافی کۆیە کرد بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر کێشەکە، بەڵام تەلەفۆنەکەی داخرابوو.
مزگەوتی مەدینە دەکەوێنە ناو سەنتەری کۆیە لە گەڕەکی ئازادی، کە گەورەترین گەڕەکی قەزاکەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا