داوا لە بەغدا دەکات

سه‌رۆكی هه‌رێم داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوردانی فه‌یلی ده‌كات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 44 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوکردەوە و داوا ده‌كات حکومەتی عێراق له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ كوردانى فه‌یلى قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4.4.2024 له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا دەڵێت، “جینۆسایدى كوردانى فه‌یلى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى سڕینه‌وه‌ و تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان، مێژوویه‌كى ره‌ش و رابردوویه‌كى تاڵى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى عێراقه،‌ كه‌ بووه‌‌ هۆى نه‌هامه‌تى و ناسه‌قامگیرى بۆ وڵات.”

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:
ئه‌مڕۆ یادى به‌ ئازارى چل و چوار ساڵه‌ى جینۆسایدى هه‌زاران كوردى فه‌یلى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ شاڵاوێكى دڕندانه‌ى رژێمى ئه‌وساى عێراقدا، له‌به‌ر كوردبوون و پشتگیرییان له‌ شۆڕشى كوردستان، رووبه‌ڕووى كوشتن، گرتن، ده‌ركردن و بێسه‌روشوێنكردن بوونه‌وه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ و سامان و ماڵ و حاڵیان لێسه‌نرایه‌وه‌‌.

له‌م یاده‌دا داواكاریمان له‌ حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌پێى بڕیارى دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ ئه‌و تاوانه‌ى به‌ جینۆساید ناساند، كوردانى فه‌یلى له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، ره‌گه‌زنامه‌ و موڵك و ماڵیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ و كۆششدا ده‌بین و هه‌رچى پێویست بێت هاوكار ده‌بین.

جینۆسایدى كوردانى فه‌یلى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى سڕینه‌وه‌ و تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان، مێژوویه‌كى ره‌ش و رابردوویه‌كى تاڵى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى عێراقه‌ كه‌ بووه‌‌ هۆى نه‌هامه‌تى و ناسه‌قامگیرى بۆ وڵات. ده‌بێ ئه‌و رابردووه‌ بۆ هه‌موومان ببێته‌ په‌ند و وانه‌ و بۆ داهاتوویه‌كى باشتر له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكه‌وه‌یى و یه‌كترقبووڵكردن له‌ عێراق، سوودى لێ وه‌ربگرین.

 كوردانی فه‌یلی چیان به‌سه‌ر هات

لە ساڵی 1980 بەپێی بڕیاری 666ـی حكومه‌تی بەعس، کوردانی فەیلی، (كه‌ زۆرینه‌یان موسڵمانی شیعه‌ مه‌زهه‌بن) لە ماڵ و حاڵیان دەرکران و بێبەشکران، بڕیاریش درا ناسنامه‌ی عێراقی و هەموو موڵکەکانیان لێوەربگیرێت و به‌ هه‌زارانیان ده‌ربه‌ده‌ری ئێران كران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌دانی دیكه‌یان زیندانیكران و قه‌تلوعام كران.

کوردانی فەیلی داوا دەکەن کۆمەڵکوژکردنیان تۆماربکرێت

کوردانی فەیلی داوا دەکەن کۆمەڵکوژکردنیان تۆماربکرێت