بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی سلێمانی. وێنە: 964
دەبێت چی بکەیت و چی بخۆیت؟
ئەگەر بەنیازی خوێندنیت ئەم رێنماییانەت بیرنەچێت
964+
پێشەوا محەمەد
تەندروستیی سلێمانی پێنج رێنمایی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت خوێن ببەخشن، سەرجەم رێنماییەکانیش پەیوەندییان بە دەستەبەرکردنی دڵنیایی تەندروستیی کەسی خوێنبەخشە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تاكە سەرچاوەی بەرهەمهێنەری ئەو رەگەزە گرنگەی ژیان كە پێی دەوترێت “خوێن” تەنیا خودی مرۆڤەكان خۆیانن، بۆیە پێی وایە بەخشینی خوێن هەڵوێستی بەرپرسیارانە و لووتكەی مرۆڤایەتیی مرۆڤەكانە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاوی کردووەتەوە، پێویستە پێش خوێن بەخشین کەسی خوێنبەخش ماندوو نەبێت و شەوێک پێشتر بە باشی حەوابێتەوە. هەروەها بە پێویستی دەزانێت پێش كرداری خوێن بەخشینەكە بە چەند كاتژمێرێك، ژەمێك خۆراكی مامناوەند و وزەبەخش بخورێت یاخود هەندێك شیرینی بخورێت.
وەک تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، خواردنەوەی شلەمەنییەكان لە پێش و لە پاش كرداری خوێن بەخشینەكە بە شێوەیەكی گشتی سوودی هەیە، “بەڵام پێویستە (چا، قاوە و ئەو خواردنەوانەی كە مادەی كافاینیان تیادایە) لەو ماوەیەدا بەكارنەهێنرێن و نەخورێنەوە”.
رێنماییەکانی تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی تێدایە، پاش خوێن بەخشینەكە نابێت خوێنبەخش بە خێرایی لەسەر جێگاكەی بەرز ببێتەوە و دەبێت لە شوێنی خوێنبەخشینەوە بۆ ساتێک بحەوێتەوە و پاشان هەڵبستێت.
بەهۆی مانگی رەمەزانەوە، هاوڵاتیان کەمتر روودەکەنە بانکەکانی خوێن بۆ خوێنبەخشین، ئەوەش بووە هۆکاری کەمبوونەوەی خوێنی نەخۆشانی تالاسیما و بانکی خوێنی چەند شار و شارۆچکەیەک دەرگای بنکەکانیان بە شەوان بۆ خوێنبەخشان کردەوە.