ماددە دەستبەسەردا گیراوەکە _ وێنە: ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
یەک کیلۆ بووە
لە هەولێر تۆمەتبارێک گیرا کە ماریجوانای پێ بووە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، تۆمەتبارێك دەستگیرکراوە کە بڕی یەك کیلۆ ماددەی هۆشبەری ماریجوانای پێ بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 3.4.2024 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دواتر وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە 1.4.2024 لە شاری هەولێر تیمەکانمان چالاکییەکان ئەنجام دا.
بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بێت، لە چالاکییەکەدا توانیویانە تۆمەتبارێك دەستگیر بکەن، کە کاری کڕین و فرۆشتنی بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە، هاوکات لە کاتی دەستگیرکردنیدا بڕی یەك کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لە جۆری ماریجوانا دەستی بەسەرداگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تۆمەتبار بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان راگیراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ماریجوانا، جۆرێکە لە ماددە هۆشبەرە دەروونییە چالاکەکان، کە لە رووەکی حەشیشەی هیندستان دەرهێنراوە، لە وڵاتانی عەرەبیدا بە چەند ناوێک ناسراوە.
بە گوێرە سۆراغی پزیشکی، ماریجوانا بریتییە لە تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (THC) کە یەکێکە لە 483 پێکهاتەی ناسراوی ناو رووەکەکە، لەناویاندا لانیکەم 65 کانابینۆیدی دیکە هەیە، وەک حەشیش دەتوانرێت بە جگەرەکێشان، بەهەڵمکردن، لەناو خۆراکدا، یان وەک دەرهێنراوێک بەکاربهێنرێت.