پەرلەمانی کوردستان - وێنە: پەیجی پەرلەمانی کوردستان
دیوانی پەرلەمان: "وه‌زیری دارایی رایگرتووه"
فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستان موچه‌یان وەرنەگرتووە
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ ده‌بوو موچه وه‌ربگرن، به‌ڵام پێیان نه‌دراوه و پێیان وتوون “ره‌زامه‌ندیی دابه‌شكردنی موچه‌كانیان نه‌دراوه”، جێگری سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت، رۆتینیانی نووسینگه‌ی وه‌زیری دارایی كاره‌كه‌ی دواخستووه”.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 3.4.2024 به پێی خشته‌ی موچه ده‌بوو فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستان موچه‌ی مانگی شوبات وه‌ربگرن، به‌ڵام له بانكی قه‌ڵا، كه لقێكی هه‌ر له ناو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانه، پێیان وتوون ره‌زامه‌ندیی دارایی بۆ پێدانی موچه‌كانیان نه‌دراوه.
سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌یه، هیوا نه‌سره‌دین جێگری سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان به 964ی وت، “كێشه‌كه له وه‌زاره‌تی داراییه، رۆتینیاتی نووسینگه‌ی وه‌زیر و ئیمزای وه‌زیر كاره‌كه‌ی دواخستووه، چونكه ئێمه 20 رۆژه نووسراو و لیستمان پێشكه‌ش كردووه”.
وتیشی، “هه‌ست ده‌كه‌ین وه‌زیر به مه‌به‌ست و مه‌رام كاری دابه‌شكردنی موچه‌ی په‌رله‌مانی دواخستووه”.
هیوا نه‌سره‌دین ئاماژه‌ی به‌وه دا، به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاریی په‌رله‌مان به‌دوای كێشه‌كه‌دا چووه له وه‌زاره‌تی دارایی و چاوه‌ڕێی چاره‌سه‌ركردنین، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ چاره‌سه‌ر نه‌بێت، سبه‌ی به دڵنیاییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
964 په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی دارایی و نووسینگه‌ی وه‌زیری داراییه‌وه كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌ست نه‌بوون.
په‌رله‌مانی كوردستان، به دیوان و ئه‌و هه‌شت نووسینگه‌یه‌ی له شار و شارۆچكه‌كاندا هه‌یه‌تی، زیاتر له 700 فه‌رمانبه‌ر و موچه‌خۆری هه‌یه.