رێگای بنگرد – رانیە

چاڵ و چۆڵی و نەبوونی هێڵکاری شۆفێرانی هەراسان کردووە

964+

بەرزان عوسمان – بنگرد

رێگەی بنگرد – قەزای رانیە زیاتر لە 14 کیلۆمەترە و تا ئێستا هێڵکاری بۆ نەکراوە و چاڵ و چۆڵی تێکەوتووە، ئەوەش گرفتی بۆ شۆفێران دروستکردووە.

ئەو رێگایە جگە لە ناحیەی بنگرد، رێگای بەیەک گەیشتنی قەزای دوکان بۆ ئیدارەی راپەرینە، چاڵ و چۆڵی رێگاکە شۆفێرانی هەراسان کردووە.

محمد عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد بە 964ـی راگەیاند، چەندین جار سەرووی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو گرفتانە چارەسەر نەکراون، لە ئێستادا تاکە وەڵامێک لەسەرووی خۆمان دەستمان کەوتبێت ئەوەیە بەهۆی قەیرانی دارایی ناتواندرێت کاری چاکردنی رێگاکە بکرێت.

“سەبارەت بەهێڵکاری جادەکەش، جادەی نێوان بنگرد ـ رانیە دوای دروست کردنی بەتازەیی هێڵکاری بۆنەکراوە ئێستا بەو خراپبوونەشەوە ناکرێ پارەیەکی زۆر لە هێڵکاری خەرج بکرێت لەکاتێکدا کەسوودی لێ نابینرێ لەبەر کۆنی جادەکە” محمد عەبدولرەحمان وای وت.

ناحیەی بنگرد، دەکەوێتە ناوچەى بەرى مەرگەى سەر زێى بچوک، لەرووى کارگێڕییەوە سەربە قەزای دوکانە و لە چوار گەڕەک پێک دێت و زیاتر لە 300 ماڵ لەناوەندی ناحیەکە نیشتەجێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی