بەم پارشێوە
لە بازاڕى دهۆک ئاگرکەوتەوە
964+
هێڤى دێوالى- دهۆک
کەمێک پێش ئێستا چەند دوکانێکى بازاڕى چەلێ لە دهۆک ئاگرى گرت و تیمەکانى بەرگرى شارستانى لە شوێنى رووداوەکەن و تائێستاش 20 دوکان سوتاون.
تائێستا نازانرێ هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە چییە، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى پەیامنێرى 964ـى ئاگر کەوتووەتە ناو چەند دووکانێکەوە و تیمەکانى بەرگرى شارستانیش لە شوێنى رووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە.
بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکانى 964، دەردەکەوێت بەشێک لە خەڵکى و دوکاندارانى بازاڕەکە سەرقاڵى دەرهێنانى کەلوپەلەکانیانن و دەیانەوێ لە سوتان بیانپارێزن.
بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسى راگەیاندنى بەرگرى شارستانى دهۆک، بە 964ـى وت،”ئاگرەکە کاتژمێر 4:00ـى بەرەبەیانى کەوتووەتەوە و ئێستا 15 تیمى بنکەى بەرگرى شارستانى لەوێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە”.
ئاشکراشى کرد، تائێستا 20 دوکان سوتاون.
بازاڕەکە زیاتر لە 200 دوکان لەخۆى دەگرێت کە زۆربەیان دوکانى جلوبەرگى کوردى ژنانە و بەرگردوور و جلوبەرگى منداڵانن، جگە لەوە بەشێکى بازاڕەکە چەند باڵەخانەیەکى نیشتەجێبوونى تێدایە کە هاوڵاتیان تێیدا دەژن و ئێستا بەهۆى مەترسییەوە چۆڵکراون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح