لە سلێمانی نەوت بەسەر خاوەن پێداویستی تایبەت دابەشدەکرێت
+964
هێرۆ مەولودی – هەولێر
بۆ دابینکردنی نەوت بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، یەکێتی کەمئەندامان هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاری دەستپێ کردووە.
سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لەبارەی ئەو هەڵمەتەی دەستیان پێکردووە، دەڵێ: دەستی هەر کەسێک ماچ دەکەم نەوت بۆ کەمئەندامان دابین بکات.
هەڵمەتەکە ئەمڕۆ شەممە 14ـی کانونی دووەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە سلێمانی راگەیەنرا، هەر ئەمڕۆش خێرخوازێک 700 بەرمیلە نەوتی بۆ کەمئەندامان دابین کرد.
سامان حسێن، سەرۆکی یەکیتی کەمئەندامانی کوردستان دەڵێ: هەر لایەنێک ھەر کەسایەتیەک ھەر حیزبێک ھاوکاری کەمئەندامان بکات، من دەستی ماچ دەکەم.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەوەشی راگەیان کە ھەوڵیانداوە لە رێگەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرمایەداران و خێرخوازانەوە نەوت دابین بکەین.
مەریوانی حاجی جەمال، ئەو خێرخوازەیە کە 700 بەرمیل نەوتی بۆ خێزانی کەمئەندامەکان دابینکردووە، هەر خێزانیک 100 لیتر وەردەگرێ، ئەو داوا لە خێرخوازان دەکات زیاتر فریای خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت و هەژار بکەون .
یەکیتی کەمئەندامانی کوردستان، پێنج هەزار ئەندامی هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە 50 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان لە ئەنجومەنی باڵای رێکخراوە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تۆمار کراوە.