پردێک لە زاخۆ پێنج ساڵە هەیە و هێشتا بناغەی دانەنراوە

964+
شڤان عبەدولڵا – زاخۆ

پێنج ساڵە بڕیاردراوە بە دروستکردنی پردێکی کۆنکرێتی لە گوندێکی زاخۆ، بە گوژمەی 710 ملیۆن دینار، بەڵام تاوەکو ئێستا بەردی بناغەی بۆ دانەنراوە.

لەوبارەیەوە، بەشیر هەوێری، بەڕێوەبەری رێگاوبانی زاخۆ بۆ 964+ی وت، لە کاتی دەرچوونی بڕیارەکە، زاخۆ تەنیا قەزایەک بوو سەر بە پارێزگای دهۆک بوو، بە دەیان پڕۆژە لەوکاتەدا پشتگوێخران، نەک تەنیا پردەکە، دوای بە ئیدارەبوونی زاخۆ، بڕی پارەی زیاتری بۆ تەرخانکراوە و لەگەڵ پردەکە شەقامێکی 60 مەتری لە دەوری زاخۆ دروستدەکرێت.

لە لایەکی دیکە، جگەرخوێن تاهیر، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی زاخۆ بۆ 964+ی باسکرد “پردەکە پەیوەستە بە رێگای ناو زاخۆ، هەربۆیە تا شەقامی ناو زاخۆ دروست نەکرێت، ناتوانین دەستپێبکەین”.

بە قسەی ئەو، لە مانگی ئازاری ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی شەقامی 60 مەتری زاخۆ دەکرێت و دواتریش راستەوخۆ دەست بە دروستکردنی پردەکە دەکرێت.

964+ دەزانێت، ئەگەر ئەو پردە دروست بکرێت، ئەوا بەبێ چوونە ناو زاخۆ، شۆفێران دەتوانن راستەوخۆ بچن بۆ قەزای باتوفا.