بە تەقینەوەی مین لە رۆژهەڵاتی کوردستان

لە ماوەی سێ رۆژدا چوار هاوڵاتی بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە

توانا نەقی

هاوڵاتیەکی خەڵکی کامیاران بە ناوی حەمدی مەحبووبیان، بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بووە و قاچی لەدەست داوە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردووشدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و چواری دیکە بریندار بوون.

ئەمڕۆ هەینی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئەو هاوڵاتیە تەمەنی 48 ساڵ بووە و خەڵکی شاری کامیارانى رۆژهەڵاتی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەقینەوەی مین و برینداربوون و لەدەستدانی قاچی ئەو هاووڵاتییە، بۆ نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنە گواستراوەتەوە و تا ئێستاش لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

رێکخراوەکە دەڵێت، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لانیکەم چوار هاوڵاتی کورد بوونەتە قوربانی تەقینەوەی مین و یەکیان گیانی لەدەستداوە.