رژاوەتە ئاوی دوکانەوە

نەوتە رەشەکە دابەشکردنی ئاوی لە کۆیەش وەستاند

964+

ژووری هەواڵ

لەدوای رژانی نەوتی ئەو دوو تانکەرەی کە دوێنێ پێکیاندادا و بووە هۆی پیسبوونی ئاوی دوکان، هەردوو پرۆژەی ئاوی (بۆگد – کۆیە) و (تەق تەق – کۆیە) وەستێنرا و لەئێستادا ئاو ناگات بە خەڵکی قەزاکە.

ئەمڕۆ هەینی 29.3.2024، تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، لە کاتژمێر 5:30ـی ئێوارەوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتی رەش لەگەڵ ئاوی دوکان، دابەشکردنی ئاو لە رێگەی هەردوو پرۆژەی ئاوی (بۆگد – کۆیە) و (تەق تەق – کۆیە) وەستێنراوە.

وتیشی، پێشبینیدەکەن لە ماوەی یەک بۆ یەک رۆژ و نیو ئاوەکە پاکببێتەوە و دووبارە دەستدەکەنەوە بە دابەشکردنی ئاو.

“چاوەڕوانی پاکبوونەوەی ئاوی زێی بچووکین و هەرکاتێک ئاوی زێی بچووک پاک بووەوە دەستدەکرێتەوە بە دابەشکردنی ئاو”، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە وا دەڵێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکات ئەم ماوەیە دەست بە ئاوەوە بگرن و بە وشیارییەوە ئاو بەکاربهێنن.

شەوی رابردوو لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای دوکان بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە نێوان دوو بارهەڵگری گواستنەوەی سووتەمەنی، بەشێک لە ئاوی زێیی دوکان پیس بوو، زیاتر لە 18 كاتژمێر بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوه‌، بەڵام ئاوی زێیەکە روون نه‌بووه‌تەوە و نەوتەکەی تێداماوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانیشی لێ ئاگادارکراوەتەوە.

رووداوەکە بە جۆرێک بوو، هەردوو بارهەڵگرەکان نەوتی خاویان ده‌گواستەوە، بەهۆی رووداوەکەشه‌وە بارهەڵگرەکان بە تەواوی سووتان، بەشێکی زۆری سووتەمەنییەکەشیان رژایە زێیی دوکانەوە.

16 کاتژمێرە ئاوی دوکان روون نەبووەتەوە

16 کاتژمێرە ئاوی دوکان روون نەبووەتەوە