نوێنه‌رى ژینگه ئاماده‌ی لیژنەی پێداچوونەوە ده‌بێت
وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده (ژینگه) دەخاتە ناو پڕۆگرامەکانییەوە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاره وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له پێداچوونه‌وهى ئه‌مساڵى به پڕۆگرامه‌كانی خوێندندا بایه‌خی زیاتر به بابه‌ته ژینگه‌یه‌كان بدات و به‌فه‌رمیش نوێنه‌رى ژینگه‌ى خستۆووه‌ته ناو لیژنه‌ى پێداچوونه‌وه.
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به نوسراویان ژماره 7976 له رێكه‌وتی 24.3.2024 داوای ناوی نوێنه‌ری ده‌سته‌ی ژینگه‌ی كردووه وه‌ك ئه‌ندامێكی هه‌میشه‌یی له لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه به پڕۆگرامه‌كانی خوێندندا وه‌ك خۆى ده‌ڵێ “به‌مه‌به‌ستی ره‌نگدانه‌وه‌ی بابه‌تی ژینگه‌پارێزیی و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گیانه‌وه‌ره كێوی و ماڵییه‌كان له‌ناو پڕۆگرامه‌كانی خوێندن”.
هه‌ژار ماهیر، به‌ڕێوه‌به‌رى فەرمانگەی ژینگەی سۆران، دڵخۆشه به‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و ده‌ڵێت، پێشتر گرنگیدانى په‌روه‌رده به بابه‌ته ژینگه‌ییه‌كان وه‌ك پێویست نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌مساڵ جیاواز ده‌بێت.
هه‌ژار به 964ـى وت “ئه‌مساڵ به فه‌رمى داوا له ده‌سته‌ى ژینگه كراوه نوێنه‌رمان له‌و لیژنه باڵایه هه‌بێت ئه‌مه‌ش كارێكی ئه‌رێنی ده‌بێت بۆ ینگه‌ى هه‌رێمی كوردستان”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تا ئێستا دیار نییه كه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌م لیژنه باڵایه‌یى پێداچوونه‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌ڵێت، ساڵانه له‌دواى كۆتایی هاتنى وه‌رزى خوێندن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده كه‌موكوڕ و لایه‌نه باش و خراپه‌كانى دیاری ده‌كات.
باسی له‌وه‌شكرد، ماوه‌ى دووساڵه له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ئاماژه‌ى ئه‌رێنێ بۆ گرنیگیدان به ژینگه هه‌یه له‌وانه‌ش رۆژى ژینگه‌ى په‌روه‌رده‌یان دیاریكردووه و ساڵانه له رۆژى 31.3.2024 چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆرى بۆ ساز ده‌كه‌ن.