تای خوێنبەربوون
40 کەسی دیکەش تووش بوون
پێنج کەس لە عێراق بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لە دەست داوە
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەستی بە دەرمانڕشتن کردووە لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی 15 پارێزگا، چونکە ئەمساڵ 40 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە و پێنجیشیان گیانیان لە دەست داوە.
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە لە 15ـی نیسانەوە بە بەشدارىی 246 تیم هەڵمەتێکى دەرمانڕشتنىان لە کێڵگەکانى بەخێوکردنى ئاژەڵ لە 15 پارێزگا دەستپێکردووە.
لە پارێزگای زیقار زۆرترین حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوونی تێدا تۆمار کراوە، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵیش زۆرترین کاری هەڵمەتەکەی لەو پارێزگایە چڕکردووەرەوە.
بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ، لە ئەمساڵدا 40 حاڵەتى توشبوون و پێنج حاڵەتى گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانى بەغدا، نەینەوا، زیقار و بابل تۆمار کراون.
هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتەکە، ساڵى رابردوو 545 حاڵەتى توشبوون و 70 حاڵەتى گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی عێراق هەبووە.