یه‌كی شوبات مۆندیال ده‌ستپێده‌كات
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
تیروپشكی مۆندیالی یانه‌كانی تۆپی پێ له مه‌غریب راكێشرا، یه‌كی شوباتی داهاتووش ركابه‌رییه‌كان هه‌ر له‌وێ ده‌ستپێده‌كات.
مۆندیالی یانه‌كان له لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی “فیفا” سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت و ئێواره‌ی هه‌ینی تیروپشكی وه‌شانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجام درا، كه له مه‌غریب به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له مۆندیالی یانه‌كانی 2022 حه‌وت یانه به‌شدارن، ئه‌وانیش ریال مەدریدی ئیسپانی، ویداد به‌یزاوی مه‌غریبی،، ئەهلیی میسری، هیلالی سعوودی، ئۆکلاند سیتی نیوزیله‌ندایی، فلامینگۆی به‌ڕازیلی و سیاتڵ ساوندەرزی ئه‌مریكی.
له تیروپشكه‌كه‌دا، كه به شێوازێكی جیاواز ده‌كرێت، له یه‌كه‌م یارییدا ویداد به‌یزاوی مه‌غریبی و هیلال سعوودی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
له یارییه‌كی دیكه‌دا ئه‌هلیی میسری به‌رامبه‌ر یانه‌ی ئۆكلاند سیتیی نیوزیله‌ندایی یاریی ده‌كات، براوه‌ی یارییه‌كه‌ش به‌رامبه‌ر سیاتڵی ئه‌مریكی له قۆناغی چاره‌گی كۆتاییدا یاریی ده‌كات.
هه‌ر به پێی تیروپشكه‌كه، یانه‌ی ریال مه‌درید له قۆناغی پێش كۆتاییه‌وه به‌شداریی ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه یاریی ده‌كات، كه له ركابه‌ریی نێوان “ئه‌هلی – ئۆكلاند سیتی – سیاتڵ” براوه ده‌بێت.
هه‌روه‌ها تیپه‌كه‌ی دیكه‌ی پێش كۆتایی، یانه‌ی فلامینگۆی به‌ڕازیلییه، كه ئه‌ویش چاوەڕێی براوەی یارییەکەی ویدادی به‌یزاوی هیلالی سعوودی دەکات.
مۆندیالی یانه‌كان، بڕیاره له یه‌كی شوباتی داهاتوو له مه‌غریب ده‌ستپێبكات و 11ی شوبات كۆتایی دێت.