لە چەمچەماڵ

لە ناحیەی شۆڕش مامۆستایەک لە قوتابییەک دەدات و پەروەردە لیژنەی پێکهێناوە

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لە قوتابخانەیەکی ناحییەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ مامۆستایەک لە قوتابییەک دەدات، لەسەر رووداوەکە پەروەردەی چەمچەماڵ لیژنەی پێکهێناوە.
محەمەد عومەر، باوکی منداڵەکە بە 964ی راگەیاند، کوڕەکەی لە قۆناغی چواری بنەڕەتییە لە قوتابخانەی بەدرخان و کاتژمێر 11:30 خولەکی سەرلەبەیانی مامۆستاکەی لێیداوە.
وتیشی، “ئەو مامۆستایە هیچ وانەیەک بە باوەڕی کوڕم ناڵێت، لەسەرئەوەی لەگەڵ منداڵێکی دیکە بووەتە شەڕیان مامۆستا بەدار لە کوڕەکەمی داوە و سکاڵامان لەسەر مامۆستاکە تۆمار کردووە”.

باوکی باوەڕ گرتە ڤیدیۆیەکی بۆ 964 ناردووە، باوەڕ محەمەد، ئەو قوتابییەی لێیدراوە قسە دەکات و دەڵێت، “ئەمڕۆ لەگەڵ قوتابییەکی تر شەڕی بووە و ئەو مامۆستایە بە دار لێیداوە”.
964 لەگەڵ عوسمان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە قسەیکردووە، وتی، “کۆتا وانە رووداوەکە بووە من رۆیشتبووم، کە هاتمەوە پێیان وتم، هەرچەندە من ئاگاداری رووداوەکە نەبووم بەڵام پێم وانییە رووداوەکە وەک ئەوە بێت کە باس دەکرێت، چونکە منداڵەکە پێشتر شەڕی کردووە لەگەڵ منداڵێکی تر و دەموچاوی شوێنی چڕنووکی پێوەیە و لەوە دەچێت لەگەڵ منداڵەکەی تردا وایلێهاتبێت”.

لای خۆشییەوە عەبدوڵا حەمە، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بۆ 964 وتی، “ئەمڕۆ باوەڕ و باوکی هاتوون بۆ پەروەردە و منیش ناردمن بۆ بەشی یاسایی بۆ وەرگرتنی لێدوانیان، لیژنەیەکمان پێکهێناوە و سبەینێ لێدوانی بەڕێوەبەر و ئەو مامۆستایەش وەردەگیرێت”.

وتیشی، بەپێی بڕیاری پەروەردە بە هیچ شێوەیەک توندوتیژی و لێدان رێگەپێدراو نییە و دەکەوێتە سەر لیژنەکە ئەگەر راست بێت مامۆستاکە سزا دەدرێت”.

بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لە قوتابیەک دەدەن و فڕێی دەدەنە...

بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لە قوتابیەک دەدەن و فڕێی دەدەنە دەرەوە