لە هەڵەبجە

خاوەن مۆلیدەیەک 13 نەمامی بۆ باخچەیەکی منداڵان دابینکرد

964+
ئەحمەد مستەفا

لە هەڵەبجە خاوەن مۆلیدەیەک، 13 نەمامی بۆ باخچەیەکی منداڵان دابینکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی لەبری سەوزکردن و مامۆستاکان سەرجەم نەمامەکانیان چاند.

فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، رۆژی سێشەممە 26.3.2024، کارمەندانی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە سەردانی باخچەی منداڵانی پەریانی کرد و بڕی 13 نەمامی پێشکەش بە باخچەکە کرد بەمەبەستی رواندنیان و زیادکردنی رێژەی سەوزایی.

نەمامەکان لەلایەن مۆلیدەی بازرگانی ناوبازار شارەکە و کەسێک بەناوی، عومەر عەلی دابینکرابوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی لەبری سەوزکردن، کە ئەو شوێنانەی ناتوانن لە پڕۆژەکان سەوزای دابین بکەن بەهۆی نەبوونی شوێن، لەبری ئەوە نەمام دابیندەکەن لەشوێنی دیکە بیڕوێنن.

وەك بەشێك لە پڕۆژەی لەبری سەوزکردن، بەجۆرێك خاوەن پڕۆژە پابەندە بە خزمەتکردن و پاراستنی ئەو رووبەرە سەوزاییە بەشێوەیەکی هەمیشەیی و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی.

پێشتر، عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی ژینگەی هەرێمه کوردستان وتبووی، دەبێت هەر پڕۆژەیەک کە مۆڵەتی وەرگرت لە %25ـی پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی، ئێمە پڕۆژەی لە بری سەوزکردنمان راگەیاندوە کە پێویستە لە بری پڕۆژەکەی خۆی شوێنێکی دیکە بکاتە سەوزایی بەو مەرجەی لەژێر چاودێری خۆی بێت و گرنگیشی پێبدات تەنانەت قوتابخانە و زانکۆکانیش.