هۆکاری چۆڵکردنیان چییە؟
لە سنووری قەزای ئامێدی 201 گوند چۆڵ کراون
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکەوە، لە کۆی 358 گوندی سنووری قەزای ئامێدی، 201 گوندیان چۆڵ کراون، سەرچاوەکانی 964 دەڵێن، شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان یەکێکە لە هۆکارەکان.
ئەو گوندانەی چۆڵ کراون بەشی زۆریان لە ناحییەی دێرەلۆک و شیلادزێن. بەپێی ئەو ئامارەی دەست 964 کەوتووە، لە ناحییەی دێرەلۆک لە کۆی 60 گوند، تەنیا 11 گوند ئاوەدانن و لە ناحیەی شێلادزێ لە کۆی 92 گوند حەوتیان ئاوەدانن.
لە ناحییەی چەمانکێ لە 48 گوند تەنیا 10 گوندیان چۆڵن و لە ناحیەی کانی ماسێ لە کۆی 75 گوندی سنوورەکە 12ـیان چۆڵ کراون، لە ناحیەی سەرسەنگیش نزیکەی 10 گوند چۆڵ کراون کە خاوەنی 34 گوندە، ناحیەی بامەڕنێ لە 24 گوند دوو گوندی چۆڵ کراوە.
بەپێی ئەو سەرچاوە ئەمنییانەی 964 قسەی لەگەڵ کردوون، یەکێک لە هۆکارەکانی چۆڵکردنی ئەو گوندانە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها خراپیی رێگاوبانیشیان بە هۆکارێکی تر دادەندرێت.
بەدواداچوونەکانی 964 دەریخستووە، لە سەرەتای ئەمساڵدا دوو هاوڵاتی لەو سنوورە گیانیان لە دەست داوە و کەسێک بریندار بووە.
ئەحمەد ئورەیی، کە موختاری گوندی ئورەیە بە 964ـی راگەیاند، بەشێک لە گوندەکان تەنیا زستان بەهۆی خراپیی رێگاوبان و سەرماوە چۆڵ دەکرێن و سەرەتای وەرزی بەهار دانیشتوانەکەی دەگەڕێنەوە”.
دانیشتوانی ئەو گوندانەی چۆڵکراون بە کاری کشتوکاڵەوە سەرقاڵن.
قەزای ئامێدی لە شەش ناحیە پێکدێت، دانیشتوانی سنوورەکە نزیکەی 130 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد