شەش ملیۆن مەتر ئاو دەگرێ
باوەشاسوار لە یەکەم شەپۆل تەسلیمی باران بوو سەرڕێژی کرد
964+
میلاد جەلال -گەرمیان
شەپۆلە دوو رۆژەکەی رابردووی باران بارین وایکرد بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری سەرڕێژ بکات، بە قسەی بەرپرسانی بەنداوەکە بێت کاتژمێر 12:00ی شەوی رابردوو سەر رێژەکەی کردووە.
بەنداوی باوە شاسوار، لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە ساڵی 2011- وە تەواو بووە، تاكه بهنداوی تهواوكراوی سنووری ئیدارهی گهرمیانه.
عەزیز کەریم، بەڕێوەبەری بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای کفری بە 964ى وت، “لە یەکەم باران بارینی ئەمساڵ، بەھۆی بەھێزی شەپۆلی باران بارینەکەوە، لە شەوی رابردوەوە بەنداوەکە سەرڕێژ بووە”.
“ھیچ مەترسیەک لەسەر بەنداوەکە نیە بۆ باران بارینەکانی داھاتووش، لەماوەی دوو رۆژدا نزیکەی 63 ملیم باران باریوە لە قەزای کفری، بەنداوی باوەشاسواری بەتەواوی پڕکردووە”، عەزیز کەریم وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەنداوەکە توانای گلدانەوەی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە، ئێستا پێنج ملیۆن و نیو مەتر سێجا ئاوی تێدایە”، بەڵام ئاو گەیشتووە بە دەرچەکانی دەرچوونی ئاو سەڕێژ بووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا