سەرپێچییەکەی چی بووە؟
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە لێپێچینەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری هەڵەبجە دوای ئەوەی کاری نۆژەنکردنەوە دەکات پاشماوەکانی دەسووتێنێت، فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات.
لیژنەیەکی فەرمانگەکە دەچنە ئەو شوێنەی پاشماوەکانیان تێدا سووتێندراوە و نووسراوێکیش ئاراستەی خاوەنی هۆڵەکە دەکەن لە ماوەی 10 رۆژدا پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەو سەرپێچییەی ئەو هۆڵە کردوویەتی دەچێتە چوارچێوەی پیسکردنی هەواوە و ئەوەش لێپێچینەوە و سزای بەدواوەیە بە پێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2022ـی دەستەی ژینگەی هەرێم.
وتیشی، “لیژنەیەک قەرەبووەکە دیاری دەکات یان پێبژاردن دەبێت بە پارە یان پاککردنەوە و روواندنی دار دەبێت بە خاوەنی هۆڵەکە”.
بە پێی وتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە، ئەو حاڵەتانەیان کەمن و “ئەگەر خاوەن هۆڵەکە پابەندی بڕیاری قەرەبووی لیژنەکەیان نەبێت ئەوا لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن”.