حاسڵاتی رووداوەکانی ئەمڕۆ
بۆ هێرشەکەی سەر مۆسکۆ پێنج هەزار دۆلاری وەرگرتووە و پوتین دەڵێت سزایان دەدەین
964+
ژووری هەواڵ
دەزگا راگەیاندنەکانی روسیا ڤیدیۆی دانپێدانانی یەکێک لە هێرشکارەکانی دوێنێ شەوی مۆسکۆیان بڵاوکردەوە، ئەو هێرشکارە دەڵێت، لە تیلیگرام کەسێک پەیوەندی پێوەکردم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە وتی 500 هەزار رۆبل واتا پێنج هەزار دۆلارت پێ دەدەین، هێرشکارەکە ناوی فەرەیدون شەمسەدینە و تەمەنی 26 ساڵە.
لەیەکەم دەرکەوتنی دوای هێرشەکەی شەوی رابردووی مۆسکۆ ڤلادیمێر پۆتین لە وتارێکدا رایگەیاند، هەموو ئەوانەی لەپشت هێرشەکە بوون سزا دەدرێن. دوای هێرشەکەی دوێنێ شەوی مۆسکۆ رێکخراوی داعش لە ئەفغانستان رایگەیاند چەکدارانی ویلایەتی خوراسانی رێکخراوەکە کردەکەیان ئەنجامداوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەهێرشەکەیان بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا توانیویانە 170 چەکداری حەماس بکوژن و لێکۆڵینەوە لەگەڵ 800 کەسی دیکە بکەن، هاوکات چەکێکی زۆریان دۆزیەوەتەوە.
ئەنتۆنی گۆترێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رابگەیەنرێت، هاوکات لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە رێگە لەهێرشی ئیسرائیل بۆ رەفەح بگرێت.
جەنگی ئیسرائیل و حەماس پێ دەنێتە 169-هەمین رۆژ و بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکیەکان تەنیا ئەمڕۆ زیاتر لە 100 کەس لە غەزە کوژراون.