كۆیه‌ و هه‌ولێرى لێكدابڕاندووه‌

پرده‌ تێكچووه‌كه‌ى “به‌ستى شه‌رغه‌” مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌شێكى هه‌ولێر دروستكردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ناحیه‌ى سێگردكانى سه‌ر به‌ كۆیه‌ ده‌ڵێت، چاك نه‌كردنه‌وه‌ى پرده‌كه‌ى به‌ستى شه‌رغه‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ ئاسته‌نگى له‌نێوان چه‌ند ناحیه‌یه‌كى كۆیه‌ و هه‌ولێر دروستكردووه‌ و مه‌ترسیشی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر به‌شێك له‌ زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كانى هه‌ولێر.

به‌ستى شه‌رغه‌، دەکەوێتە نێوان سنوورى ناحیه‌ى سێگردكانى قه‌زاى كۆیه ‌و گوندى خوڕخوڕه‌ى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى قوشته‌په‌ى شارى هه‌ولێر، بەهۆی زۆری باران و لافاوەوە له‌ ساڵى 2018 رێگای سنورەکە ئاوبردی و هه‌ولێر و به‌شێك له‌ ناحیه‌كانى كۆیه‌ى لێكدابڕاند.

به‌كر فه‌یسه‌ڵ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سێگردكان به‌ 964ـى وت، چاك نه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م پرده‌ جگه‌ له‌وه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌شێكى زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كانى سنوورى هه‌ولێر هه‌یه‌، هه‌مانكات ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ رێگاى نێوان هه‌ردوو ناحیه‌ى ته‌قته‌ق و سێگردكانى له‌گه‌ڵ قه‌زاى قوشته‌په‌ و ناوه‌ندى هه‌ولێر پچڕاندووه‌.

وتیشی “له‌وه‌ته‌ى پرده‌كه‌ رووخاوه‌ كاریان له‌سه‌ر نۆژه‌نككردنه‌وه‌ى كردووه‌ و ره‌زامه‌ندیشی له‌سه‌ر دراوه‌”.

ئاشكراى كرد كه‌ 12 ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ و ئێستا له‌ قۆناغى ته‌نده‌رین دایه‌.

به‌پێی ته‌ندره‌كه‌ درێژى پرده‌كه‌ 450 مه‌تر و به‌رزییه‌كه‌ى حه‌وت مه‌تره‌ و به‌شێوه‌ى پایه‌ دروستده‌كرێته‌وه‌.

تێبینی: ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كاتى لافاوه‌كه‌ى ساڵى 2018 یه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پرده‌كه‌ ئاو بردى.

پارێزگای هەولێر دەڵێت

پارێزگای هەولێر دەڵێت "رێگریمان لەدروستبوونی لافاو کردووە"