گومان دەکرێت لە بەنداوى موسڵدابن
تا ئێستا تەرمى ئەو دوو کەسەى لە دهۆک خنکان نەدۆزراونەتەوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
چوار رۆژە، دوو گەنج کە لە نەتەوەى عەرەبن لە لافاوەکەى دهۆکدا خنکاون، تائێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە، بەرگریى شارستانى گومان دەکات، لافاو تەرمەکانى بۆ ناو بەنداوى موسڵ بردبێت.
بە وتەى بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژى بەرگرى شارستانى دهۆک، 50 کارمەندى بەرگریى شارستانى کە لە چەند تیمێک پێکهاتوون، بەردەوامن لە گەڕان بەدواى دۆزینەوەى تەرمى ئەو دوو کەسە، بەڵام تائێستا هیچ شتێکیان نەدۆزیوەتەوە.
چوار رۆژ بەسەر رووداوەکەدا تیدەپەڕێت و بڕیاروایە لە دوای نیوەڕۆوە، پڕۆسەى گەڕان بەرفراوان بێت و لە پال بەرگریى شارستانیدا تیمى بەڕێوەبەرایەتییەکانى دیکە بەشدارى بکەن.
ئەو دوو کەسە لە رووبارى هیشکەڕوو لە سەرەتاى گەڕەکى نزارکێى دهۆک خنکاون و ئاوى ئەو رووبارە بە دوورى 12 کیلۆمەتر تێکەڵ بە بەنداوى موسڵ دەبێت، بۆیە یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە تەرمى ئەو دوو کەسە لافاو بەرەو بەنداوى موسڵ بردبێتنى، وەک بێوار عەبدولعەزیز باسى دەکات، ئەگەر تەرمەکان گەیشتبنە بەنداوەکە پڕۆسەى گەڕان قورس دەبێت و دۆزینەوەیان ئەستەم دەبێت.
رۆژى 19.3.2024، لە کاتى لافاوەکەى دهۆکدا ئەو دوو گەنجە کەوتنە ناو لافاوەکە و هەردووکیان خنکان.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح