بەدواداچوون

بەنداوەکانى هەرێم چەند ئاویان گلداوەتەوە؟

964+

وریا فەتاح

سەرجەم ئاوى گلدراوەى بەنداوە گەورە و بچوکەکانى هەرێم، زیاترە لە پێنج ملیار مەتر سێجا کە زۆرترینى لە بەنداوى دوکاندا گلدراوەتەوە کە 60%ـى ماوە بۆ ئەوەى بەنداوەکە سەڕێژ ببێت.

سەرەڕاى باران بارینى زۆر لەم وەرزەدا، بەڵام تائێستا بەنداوە سەرەکییەکانى هەرێم سەرڕێژ نەبوون، 964 بەدواداچوونى بۆ رێژەى ئاوى گلدراوەى بەنداوەکانى هەرێم کرد  و لە زارى ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەرى بەندا و کۆگاکانى ئاو لە هەرێمى کوردستان، زانیارییەکانى  وەرگرت کە بەم شێوەیەیە:

بەنداوى دوکان کە 7 ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، تا دوو رۆژ لەمەوبەر 2 ملیار و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى گلداوەتەوە کە دەکاتە رێژەى زیاتر 40%، واتا رێژەى 60%ـى ماوە بۆ ئەوەى سەرڕێژ ببێت.

بەنداوى دەربەندیخان کە لە دواى دووکان دووەم گەورەترین بەنداوى هەرێمى کوردستانە، لە کۆى 3 ملیار مەتر سێجا، 2 ملیار و 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى گلداوەتەوە کە دەکاتە رێژەى 86% و تەنیا 14%ـى پێویستە بۆ ئەوەى سەرڕێژ ببیت.

بەنداوى دهۆک کە تەنیا تواناى گلدانەوەى 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى هەیە، تا دوو رۆژ لەمەوبەر 46 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى گلداوەتەوە کە دەکاتە رێژەى 88% و تەنیا 12%ـى پێویستە بۆ پڕبوون.

لە هەرێمى کوردستان جگە لەو سێ بەنداوە، بەنداوى گۆمەسپانیش لە حاڵەتى جێبەجێکردندایە و بە تەواو بوونى دەبێتە گەورەترین سێیەم بەنداو لەسەر ئاستى هەرێم و گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستى پارێزگاى هەولێر  کە تواناى گلدانەوەى 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى هەیە.

جگە لەم بەنداوانە، 18 بەنداوى دیکەى بچووک و مامناوەند لە هەرێمى کوردستان بوونیان هەیە، لەگەڵ زیاتر لە 120 پۆند کە بە تێکڕاى هەموویانەوە تا دوو رۆژ لەمەوبەر 80 ملیۆن مەتر سێجا، ئاوى گلدراوەیان هەبووە.

بەمەش کۆى گشتى ئاوى گلدراوەى پۆند و بەنداوەکانى هەرێم، زیاتر لە پێنج ملیار مەتر سێجا.

جگە لە سێ بەنداوە گەورەکە هەموو ئەوانی دیکە سەرڕێژیان ...

جگە لە سێ بەنداوە گەورەکە هەموو ئەوانی دیکە سەرڕێژیان کردووە