19 ساڵە تەواو نەکراوە
داوا دەکرێت کارەکانی پڕۆژەی ئاوی دەربەند – رانیە خێراتر بکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
ئاوی راپەڕین داوا دەکات پڕۆژەی ئاوی دەربەند – رانیە خێراتر بکرێت، چونکە بە تەواوبوونی کێشەی ئاو لە سنوورەی قەزای رانیە، حاجیاوا و چوارقوڕنە چارەسەر دەبێت.
پڕۆژەکە لە ساڵی 2005ـەوە دەستیپێکراوە، چەند جارێک وەستاوە و لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە ئیشکردن تێیدا دەستیپێکردووەتەوە.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئیشوکارەکانی زۆر سستن و کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، قەیرانی دارایی هەیە و حکومەتی هەرێم سلفەی بۆ خەرج ناکات.
وتیشی، “پڕۆژەکە 80%ـی کارەکانی تەواو بووە، ئەگەر تەواو بکرێت کێشەی ئاوی سنووری رانیە، حاجیاوا و چوارقوڕنە چارەسەر دەبێت و هاوڵاتیان سنوورەکە سوودێکی زۆری لێوەردەگرن”.
پڕۆژەکە 600 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
“کێشەی ئاو لە سنوورەکە زۆرە و بۆ گەڕەکە نوێکانیش پەنامان بۆ بیرلێدان بردووە، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە تەواو بێت دەتوانین بیرەکان لە کارکردن بووەستێنین و ئاویان لێوە بەکارنەهێنین”، ئەوەش قسەی سەلام عومەرە.