بەهۆی لافاوەوە

دوو کارگەی گەورە لەکارکەوتوون

+964

هیڤی دێوالی-دهۆک

دوو کارگەی گەورە لە دهۆک بەهۆی لافاوەوە لەکارکەوتوون و زیانی ماددی زۆریان پێگەیشتووە، کە کارگەی قڕمیت و دروستکردنی کەلوپەلی ناو ماڵن لە دار.

خاوەنی یەکێک لە کارگەکان بۆ 964 باسی لە زیانەکانی کرد و دەڵێت، “زۆربەی ئامێرەکانم سووتاون، نزیکەی هەشت دەفتەری دۆلار زەرەرمەند بووم”.

بارانبارینی 19 و 20 ئەم مانگە لە دهۆک، زیانی بە زۆربەی دوکان، خانوو، شەقام، گەڕەک و کارگە گەورەکانی شارەکە گەیاندووە، بە تایبەت لە گەڕەکەکانی “بەرۆشکێ و ماڵتا.

بە پێی زانیارییەکانی 964ی، لە گەڕەکی ماڵتا دوو کارگەی گەورە بەهۆی لافاوەوە لەکارکەوتوون، ئەوانیش کارگەی دروستکردنی دەرگا و تەخت و کاوەنتەر و کەنتۆر بە دار، ئەوی دیکەیان کارگە تاقانەکەی دهۆکە، کە کارگەی “دروستکردنی قڕمیت”ە و ئامیرەکانیان سووتاون.

فەرزەند عەبدولعەزیز، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کارگەی دروستکردنی کەلوپەل بە دار بە 964ی وت، 15 ئامێری گەورەمان هەبوو، نزیکەی هەشت ئامێریان بەهۆی لافاو و هاتنە ژوورەوەی بڕێکی زۆری ئاو سووتاون، نرخی هەر ئامێرێک نزیکەی یەک دەفتەر دۆلارە.

وتیشی، زیاتر لە چوار کاوەنتەری دار ئامادە کرابوون، نرخی هەر یەکێکیان دوو هەزار دۆلار بوو، ئاو لەگەڵ خۆی بردوون.

خاوەنی کارگەی دروستکردنی قڕمیتەکە، کە تاقە کارگەی ئەو بوارەیە لە دهۆک، نەویست ناوی ئاشکرابێت، بەڵام بە 964ی وت، نزیکەی پێنج دەفتەری دۆلار زیان بە کارگەکەی کەوتووە.

964 دەزانیت، هەردوو کارگە  بە تەنیشت یەکەوەن لە گەڕەکی ماڵتا لە سەنتەری دهۆک، کە 13 ئامێری گەورەیان بە هۆی لافاوەکەوە سووتاون و لەکار کەوتوونە، بەپێی ئاماری بەردەستی خاوەنەکان نزیکەی 16 دەفتەری دۆلار زەرەرمەند بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک 117 شوقەیان وەرگرت

زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک 117 شوقەیان وەرگرت