رێكخراوێك: ئه‌مه‌ پێشێلكارییه‌ ..... دارستان: یاساییه‌

به‌ سه‌دان داری ته‌ڕ بۆ ئاگركردنه‌وه‌ى نه‌ورۆزى ئاكرێ بڕاونه‌ته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رێكخراوێكی ژینگه‌یی بۆ 964 ئاشكراى ده‌كات،‌ دوێنێ بۆ ئاگردنه‌وه‌كه‌ى جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ ئاكرێ به‌ سه‌دان داری ته‌ڕ له‌ جۆرى (به‌ڕوو) بڕاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش پێشێلكارییه‌كی ئاشكرایه‌ بۆ سه‌ر ژینگه‌ و سزاى له‌سه‌ره‌. بەڵام دارستان و پاوانی دهۆک دەڵێت، ئەوەی لە ئاکرێ کرا نایاسایی نەبووە.

لە یەکەم رۆژی بەهار و سەری ساڵی کوردی، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژی جیهانی درەخت، له‌ ئاكرێ كه‌ (ساڵانه‌ به‌ فه‌رمى ئاگرى نه‌ورۆزى لێده‌كرێته‌وه‌) دوو هه‌زار و 724 دار بۆ دروستكردنى مه‌شخه‌ڵى ئاگره‌كه‌ به‌كارهاتوون.

دوو هه‌زار و 724 دار، وەک هێمایەکه‌ بۆ هاتنی ساڵی 2724ـی کوردیی و نەورۆز.

مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئاینده‌ بۆ پاراستنى ژینگه‌ به‌ 964ـى وت، ئەگەر سەیری دارەکان بکرێت كه‌ مه‌شخه‌ڵه‌كانیان لێ دروستكراوه‌، هەموویان داری تەڕن لە جۆری بەڕوون، ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی ژینگە و وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمن سەبارەت بە بڕینەوەی درەخت.

وتیشی “ساڵى پاریش هه‌مان شت له‌ ئاكرێ كراوه‌ و وه‌ك ده‌شبیندرێت داره‌كان ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 10 تا 15 ساڵدایه‌”.

باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئەگەر گریمان ئەو دارانە لق و چڵی داری بەتەمەن بن، ئەوەش پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە، نەک بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان.

سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌ڵێت، ناکرێ بە رۆژی رووناک و بە بەرچاوی دەزگا فەڕمییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن، ئەم پێشێلکارییە قبوڵ بکرێت، دەکرا بۆ ئامادەکردنی ئەو مەشخەڵانە سوود لە کەلوپەلی تر ببینرایە.

داواكاریشه‌ سزاى ئه‌و کەسانە بدرێت، كه‌ بەو کارە هەستاون و لەبری بڕینەوەی ئەو دارانە نەمامی تریان پێبکڕدرێت و لە شوێنی تر بڕوێنرێن.

لایخۆشییه‌وه‌، كاوه‌ سه‌برى به‌ڕێوه‌به‌رى دارستان و پاوانى دهۆك بۆ 964 ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى دوێنێ له‌ ئاكرێ بۆ نه‌ورۆز كراوه‌ كارێكی نایاسایی بووبێت.

وتیشی “ئه‌و دارانه‌ى كراونه‌ته‌ مه‌شخه‌ڵ له‌و درارانه‌ كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌ خاوێنكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك دارێك بووبێت له‌ ژێره‌وه‌ بڕابێته‌وه‌”.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى دارستانى دهۆك به‌پێی یاسای دارستان به‌ڕێوه‌بەرایه‌تى ناوچه‌كان ده‌توانن رێگه‌پێدان بده‌نه‌ هاوڵاتیان كه‌ ساڵانه‌ پێویستیان بێت دارو دره‌خته‌كانیان خاوێن بكه‌نه‌وه‌، نه‌ك بیبڕن.

ده‌شڵێت “ئێمه‌ به‌و دارانه‌ ئاگادارین كه‌ دوێنێ له‌ ئاكرێ كرابوونه‌ مه‌شخه‌ڵ بۆ نه‌ورۆز و به‌پێی یاسا له‌داره‌كان كراونه‌ته‌وه‌”.

وەزارەتی ژینگەی عێراق 30 هەزار نەمام دەداتە هەڵەبجە

وەزارەتی ژینگەی عێراق 30 هەزار نەمام دەداتە هەڵەبجە