لە دەریاچەی دوکان

بەلەمی گەشتیاریی بێ مۆڵەت قەدەغە دەکرێت

964+
بەرزان عوسمان ــ دوکان
بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی گەشتیاری و زیاتر سەلامەتی گەشتیاران، بێ هەبوونی مۆڵەتی بەلەمی گەشتیاری گواستنەوەی گەشتیاران لە خاوەن بەلەمەکانی دەریاچەی دوکان قەدەغە دەکرێت.
بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی قەزاکە پێکهێندراوە بۆ چاودێریکردنی بەلەمەکانی دەریاچەی دوکان.
سیروان سەرحەد، قائیمقامى قەزای دوکان له‌ لێدوانێكیدا بۆ 964 وتى، “لە پێناو سەلامەتیی گەشتیارانی قەزای دوکان، خاوەن بەلەمەکانی دەریاچەی دوکان بەبێ هەبوونی مۆڵەتی گەشتیاری، ناتوانن گەشتیار بگوازنەوە”.
وتیشی، لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار لەسەر هێڵ بوون بۆ کەمکردنەوەی رەسمی دەرهێنانی مۆڵەتی بەلەمی گەشتیاری کە 750 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا رەسمەکەیان کەم کردووەتەوە بۆ 250 هەزار دینار .

سەبارەت بە مەرجەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی بەلەمی گەشتیاری، رێژین رەئوف بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دوکان بە 964 وت ، “دەبێت ئەو کەسەی شۆفێری بەلەمەکە دەکات و بە کاری دەهێنێت تەمەنی لە 18 ساڵ بەرەوسەر بێت، مەلە بزانێت و بەلەمەکەی فایبەر گڵاس بێت و ئاسن نەبێت، ئاگر کوژێنەوە و پێداویستی فریاگوزاری سەرەتایی لەناو بەلەمەکەدا هەبن، لەگەڵ چەند مەرجێکی تر .
“لە کاتی دەرهێنانی مۆڵەت، بەرگری شارستانی پشکنین بۆ بەلەمەکان دەکەن، هەر بەلەمێک ئەو مەرجانەی بۆیان داندراوە، پابەندی نەبێت و لە پشکنینی بەرگریی شارستانی دەرنەچێت، خاوەنەکەی ناتوانێت بەلەمەکەی بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بەکاربهێنێت”، رێژین رەئوف واى بە 964 وت.
بە پێی زانیارییەکانی 964 ئێستا زیاتر لە 80 بەلەم لە دەریاچەی دوکان هەن، کە بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بەکاردێن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا4

سێ بۆریی ئاوی دوکان - سلێمانی دەگۆڕدرێت

سێ بۆریی ئاوی دوکان - سلێمانی دەگۆڕدرێت