”بکوژەکە بە تیرۆریست بناسێنن”

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

یەکەم دانیشتنی دادگایی بکوژی خواناس وریا بەڕێوەچوو، پارێزەرەکان داوا دەکەن بکوژەکە وەک تیرۆریست بناسێندرێت.

خواناس وریا شانۆکارو گەنجێکی دیاری دانیشتووی شاری چەمچەماڵ بوو، لە 22ی حوزەیرانی 2023 لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گولەی لێکردو کوشتی، ئەوکات وا بڵاوبووەوە خواناس بەهۆی بیروڕا جیاوازەکانی لەسەر ئایین کوژرا و دوای 24 کاتژمێریش ئاسایش ئەو کەسەی دەستگیر کرد کە خواناسی کوشتبوو.

دانیشتنەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو.

کارزان فازیڵ، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەری کەیسی خواناس وریا بە 964ـی راگەیاند، خواناس لەسەر بیروڕای جیاواز کوژراوە و پێش کوژرانیشی چەند هەڕەشەیەکی لێکراوە.

وتیشی، “ئێمە لە یەکەم دانیشتندا داوامان کرد مادەی کوشتنەکە لە 406ـەوە بۆ تیرۆر بگۆڕێت، چونکە خواناس تیرۆر کراوە و بە ئاشکرا و لەناو بازاڕ و بە بەرچاوی خەڵکەوە زیاتر لە 10 گولـەی پێوەنراوە”.

بە وتەی پارێزەرەکە، لە یەکەم دانیشتندا تۆمەتبار و کەسوکاری خواناس وریا و هاوڕێکانی کە ئەوکات لەگەڵی بوون لە دادگا بوون و شاهێدیی هەموویان وەرگیراوە، دانیشتنی داهاتووی دادگاییەکە لە 29ی نیسانی 2024 دەبێت.