قسەی پێشبینیکارێکی کەشوهەوایە
ژمارەیەک رێنمایی بۆ سەلامەتی ماڵ و دۆخی هاوڵاتیان
964+
ئەحمەد مستەفا
پێشبینی وایە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شەپۆلی دەریایی سور بگاتە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کە هەورەگرمە و هەورەبروسکەی بەهێز، ئەگەری بارینی تەرزەی قەبارە گەورە و دروستبوونی هەردوو جۆری هەوری سۆپەرسێڵ و سێبی لێ دەکرێت.
بۆ ئەوەی حاڵ و ماڵتان لەو دۆخەدا پارێزراو بێت، پشتیوان ئیبراهیم پێشبینیکاری کەشوهەوا، هەشت رێنمایی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەیە، و دەشڵێت، لە رۆژی سێشەممە 19.3.2024 لە زۆربەی ناوچەکان ئەگەری لافاو هەیە تاوەکو شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 20.3.2024 دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکرێ.
ئەو رێنماییانەی بەلای ئەو پێشبینیکارەوە گرنگن:
– ئۆتۆمبێل لە دەرەوە مەوەستێنن یان دابپۆشرێت.
– ئەو کەلوپەلانەی لە سەربانی مالەکانن نەبەستراونەتەوە توند و تۆڵ و بکرێن.
– ئەو کەسانەی لە دەرەوەن پێش شەپۆلەکە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
– ئەو شوانکارانەی لە چیاکانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونیان.
– تاوەکو بۆتان دەکڕێت بۆ کاری پێویست نەبێت لەماڵەوە مەچنە دەرەوە.
– چەم و دۆڵە نزمەکان و رێگا خاکەیەکان بەکار مەهێنن.
– ئەو ناوچە و شوێنانەی کە پێشتر لافاو تیاندا روویداوە ئەگەری دووبارە بونەوەی هەیە.
– حکومەت و لایەنی پەیوەندار ئامادەکاری پێویست بکات بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراوو.