قایمقامی هەولێر: پشوو راناگەیەنین

لە 11 پارێزگای عێراق نیمچە پشووە و هەرێم نیازی نییە

964+
ئەحمەد مستەفا

پایتەخت و زیاتر لە 10 پارێزگای عێراق بۆ دۆخی ئەگەرەکانی دروستبوونی لافاو و بارانی بەخوڕ نیمچە پشووی فەڕمییان راگەیاند، لە هەرێمی کوردستان و هەر چوار پارێزگاکەی تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پشوو رانەگەیەندراوە.

لە هەر یەک لە پارێزگاکانی، بەغدا بەشی کەرخ و رەسافە، کەرکوک، سەڵاحەدین، بابل، نەجەف، زی قار، دیالە، موسەننا، ئەنبار، دیوانیە و بەسڕە سبەی سێشەممە 19.3.2024 کرا بە پشووی فەڕمی تایبەت لە ناوەندەکانی خوێندن و ناوچە دوورە دەستەکان، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و هێزە ئەمنییەکان لە ئیشکگریدا دەبن.

راگەیاندنی پشوو لە ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق لە کاتێکدایە، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵای پارێزگاکان و ناوچە خۆجێییەکان پشوو رانەگەیەندراوە، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بە 964ی وت، هیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە، تا سبەی سێشەممە لە هەولێر بکرێت بە پشووی فەڕمی.

حکومەتی هەرێمی کورستان لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی رایگەیاندووە، بەهۆی بارانی زۆر و ئەگەری روودانی لافاو لە درەنگانی ئەمشەو و رۆژی سێشەممە 19.3.2024 بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێت.

حکومەتی هەرێم پاڵپشت بە زانیارییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، ئەو زانیارییانەی بڵاوکردوەتەوە، لە درەنگانی ئەمشەو دووشەممە و سبەی سێشەممە شەپۆلێکی بەهێزی باران بەڕێوەیە و زۆرترین رێژەی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

دەزگای کەشناسی پێشبینی رێژەی باران بارینی لەناوچە جیاوازەکان کردووە بەمجۆرەیە:

لە هەولێر رۆژی سێشەممە کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ باران دەستپێبکات و تا کاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، پێشبینی دەکرێت 40 ملم باران ببارێت.

لە سلێمانی پێشبینی دەکرێت لەدوا نیوەڕۆی سێشەممە، تاكو چوارشەممە 40 تا 55 ملم باران باران ببارێت.

لە دهۆك پێشبینی دەکرێت لە ئەمشەوەوە تا رۆژی سێشەممە 70 ملم باران ببارێت.

لە هەڵەبجە پێشبینی دەکرێت 30 تا 35 ملم باران ببارێت، لە دوای نیوەڕۆی سێشەممە تاكو چوارشەممە.لە ئیدارەی گەرمیان پێشبینی دەکرێت 30 تا 40 ملم ببارێت لە دوای نیوەڕۆی سێشەممە تاكو چوارشەممە.

لە ئیدارەی زاخۆ، پێشبینی بارینی 80 ملم باران دەکرێت لەدرەنگانی ئەمشەو دووشەممە، تاكو شەوی سێشەممە.

لە ئیدارەی سۆران پێشبینی دەکرێت 60 ملم باران ببارێت لە بەرەبەیانی سێشەممە، تاكو درەنگانی شەوەكەی.

لە ئیدارەی راپەڕین پێشبینی دەکرێت 85 ملم باران ببارێت، لە دوای نیوەڕۆی سێشەممە، تاكو چوارشەممە.

حکومەتی هەرێم دەڵێت لافاو بەڕێوەیە

حکومەتی هەرێم دەڵێت لافاو بەڕێوەیە