وەرگێڕەکەی بۆ 964 دەدوێت

رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”ـی بەختیار عەلی بە زمانی فەڕەنسی بڵاودەبێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی”ـی نووسەر و رۆماننووس بەختیار عەلی بە زمانی فەڕەنسی بڵاودەبێتەوە و وەرگێڕەکەی دەڵێت، یەکێک لە دەزگا بەناوبانگەکانی فەڕەنسا چاپ و بڵاوکردنەوەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

رۆمانەکە لە لایەن نووسەر و رووناکبیر ئەحمەدی مەلاوە کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و بە وتەی خۆی، وەرگێڕانی رۆمانەکە بۆ سەر زمانی فەڕەنسی ماوەی ساڵێکی خایاندووە.

ئەحمەدی مەلا، کە خۆی نووسەر و رووناکبیرە و وەرگێڕی رۆمانەکەشە بە 964ـی راگەیاند، پێش ئەوەی بڕیاری وەرگێڕانی “داگیرکردنی تاریکی”بدات، چەند شتێکی لەسەر خوێندبووەوە و هەستی کردووە کە بابەتێکی سەرنجڕاکێشە و پێی وابووە سەرنجی خوێنەری فەڕەنسی رادەكێشێ، “چونکە بابەتی زمانی کوردی تێکهەڵكێشی مێژووی سیاسیی ئەم سەد ساڵەی دوایی تورکیا کراوە، واتە لە دەستپێکی دروستبوونی کۆماری تورکیا و کۆی ئەو سیاسەتە توندڕەوەی کە سەبارەت بە کورد و زمانەکەی و کولتووری و جلوبەرگی پەیڕەوکراوە. ئەمە کێشە و گرفتێکی یەکجار ناخهەژێنە، تەنانەت دەشێ بە بێ سێ و دوو بە تاوانی جێنۆساید پێناسە بکرێت”.

وتیشی، “ئێستا سۆسیۆلۆژ و نووسەری ناوداری فەڕەنسی ژێرار شالیان خەریکە پێشەکییەکی بۆ ئامادە دەکات، هەروەها دەزگای بێل لێتر بڕیاری لەچاپدان و بڵاوکردنەوەی داوە، دەزگای ناوبراو گرنگە و ناودارە”.

ئەوە دووەم رۆمانی بەختیار عەلییە بە زمانی فەڕەنسی بڵاودەکرێتەوە و پێشتریش رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ـی بە زمانی فەڕەنسی بڵاوبووەتەوە.

ئەحمەدی مەلا وتیشی، “رەنگبێ خوێنەری فەڕەنسی هۆشیارترین خوێنەری ئەوروپی بێ سەبارەت بە کێشەی کورد و ئەدەبیاتی کوردی، چونکە تا ئێستا، دەیان بەرهەم بە زمانی فەڕەنسی بڵاوبوونەتەوە، ئاشنابوونی فەڕەنسییەکان بە رۆژهەڵاتی ناوەند دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەم، لەم چل پەنجا ساڵەی دوایی، ئەم ئاشنابوونە زیاتر گەشەی کردووە”.

ئەوەش وای لە وەرگێڕی رۆمانەکە کردووە، ئومێدی هەبێت چاپە فەڕەنسییەکە خوێنەرێکی باش لە دەوری خۆی گرد بکاتەوە و سەرنجی رەخنەگرانی فەڕەنسیش راکێشێ.

“داگیرکردنی تاریکی”، 10ـیەمین رۆمانی نووسەر و رۆمانووسی کورد بەختیار عەلییە و بە زمانی فارسی و عەرەبی و شێوەزاری کرمانجیش بڵاوبووەتەوە.

بەختیار عەلی، دەربارەی رۆمانەکەی لە چاوپێکەوتنێکیدا وتوویەتی، “ئێمە هەموو دەزانین زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغە بووە، بەڵام هەمووان زۆر بێبەها و بێدەنگ و بێ هیچ پەرچەکردارێکی گەورە بەلای ئەو ستەمەدا تێپەڕیوین، ئاخۆ شتێکی سەیر نییە میللەتێک زیاد لە 70 ساڵ بە رەسمی زمانەکەی و بوونی قەدەغە بکرێت، کەچی شتێکی ئەوتۆی لەسەر ئەو مێژووە نەنووسیبێت؟”

دەشڵێت، “ئەوەی شتێکی گەورەمان لەسەر مێژووی بێدەنگکردنی مرۆڤی کورد نەنووسیوە، هەمیشە بارێکی ئەخلاقی و رۆحیی گەورە بووە لەسەر شانم، من بەر لە نووسینی رۆمانەکە زۆر لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا ژیام و چەند ساڵێکی زۆر ئامادەکاریم کرد”.

ئەو نووسەرە لە هەمان چاوپێکەوتندا باس لەوە دەکات، تێکستەکە هەوڵێکە دژی بیرچوونەوە، هەوڵێکە بۆ تێڕوانین لە خود لە رێگەی تێڕوانین لە کارەکتەری کۆڵۆنیالیستەوە و هەوڵێکە بۆ ناسینی ئەوی دی داگیرکەر.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت